سبەی وادەی مامەڵەی خوازیارانی حەج کۆتایی دێت
دوای ئەوەی لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و تەواوکردنی ڕێکارەکان دوو جار وادەکە درێژ کرایەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دوا ئاگادارکردنەوە دەداتە ئەو کەسانەی ناویان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 دەرچووە و ڕایدەگەیەنێت، سبەی دووشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، دوا وێستگەیە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکان و هەر کەسێک دوا بکەوێت، مافی بەشداریکردنی دەفەوتێت.
کۆتاییهاتنی وادەی درێژکراوە
کاروان ستونی، گوتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند: بەپێی ئەو خشتەیەی دیاری کراوە، سبەی ڕێکەوتی 8/12/2025 دوا مۆڵەتە بۆ وەرگرتنی مامەڵەی خوازیارانی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.
ناوبراو هۆشداریی دا لەوەی، هەر هاووڵاتییەک لەو وادەیە دوا بکەوێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت و بەپێی ڕێنماییەکان، کەسانی یەدەگ واتە ئەوانەی لە لیستی چاوەڕوانیدان، لە شوێنیان دادەنرێن.
میکانیزمی ئاگادارکردنەوە
سەبارەت بە پەیوەندیکردن بە براوەکانەوە، گوتەبێژەکەی حەج و عومرە ئاماژەی بەوە دا، لە ڕێگەی نووسینگەکان لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە، پەیوەندی بە هەموو ئەو کەسانەوە کراوە کە ناویان لە تیروپشکدا بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 دەرچووە، تاوەکو بە زووترین کات سەردان بکەن و مامەڵەکانیان تەواو بکەن.
هاوکاریی وەزارەت و چانسی دووەم
ستونی تیشکی خستە سەر ئەوەی، سەرەتا بڕیار بوو ڕۆژی 27/11/2025 دوا وادە بێت، بەڵام لەسەر فەرمانی دکتۆر پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و وەک هاوکارییەک بۆ ئەو کەسانەی ناویان دەرچووە، وادەکە سەرەتا بۆ 4/12/2025 و دواتر بۆ جاری دووەم تا سبەی دووشەممە 8/12/2025 درێژ کرایەوە.
جێگرەوەکان ئامادەن
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی لەوە کردەوە، بەپێی فەرمانی وەزاری، دوای تەواوبوونی دەوامی سبەی، هەر کەسێک نەچووبێت بە دەم مامەڵەکەیەوە، ڕاستەوخۆ بەپێی ڕیزبەندی و پۆڵێنەکان، کەسانی یەدەگ شوێنەکانیان پڕ دەکەنەوە.
