ژینگەی سۆران هۆکاری دروستبوونی کەفاوە سپییەکەی ڕووباری گەلی عەلی بەگ ئاشکرا دەکات

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاشکرای دەکات، ئەو کەفاوە سپییەی لە ڕووباری گەلی عەلی بەگ دروست بووە، بەهۆی نەمانی ئۆکسجینی تواوە کارلێکی ئاو و بەرگەهەوا بووە و ڕووداوێکی سروشتییە.

یەکشەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2025، هەژار ماهیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند: لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاگادار کراینەوە کە لە ڕووباری گەلی عەلی بەگ کەفاوێکی سپی دەرکەوتووە، ئێمەش دەستبەجێ تیمەکانی فەرمانگەی ژینگەی سۆران بۆ بەدواداچوونیان لە ڕووداوەکە ڕاسپارد.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران گوتیشی: دوای ئەوە تیمەکان بە شێوەیەکی زانستی بەدواداچوونیان کرد، دەرکەت ڕووداوێکی سرووشتییە، پەیوەندی بە گۆڕانی کەشوهەوا هەیە، چونکە ساڵی ڕابردوو بڕێکی کەمی باران باریوە، لەگەڵ بارانی بە خووڕی ئەمڕۆ ئێوارە، دروستبووە.

هەژار ماهیر ڕوونیشی کردەوە، کەوتنی بارانی بەخووڕ لە تاشە بەردەکان، یەکێک بووە لە هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو ڕووداوە، کە بەهۆیەوە کارلێکە میکانیکی و فیزیکی تێکەڵ دەبن و لە ئەنجامی نەمانی ئۆکسجینی تواوە کارلێکی ئاو و بەرگەهەوا لە سەر ڕووی ئاو ئەم حاڵەتە دروست دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ کەفاوێکی سپی لە بەشێکی ڕووباری گەلی عەلی بەگ دەرکەوت و ئەمەش بووە هۆی نیگەرانی لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکە.

 

 
 
 

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل