مەزڵووم عەبدی لە ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد: پابەندین بە ڕێککەوتنی 10ـی ئادار

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە، لە یەکەم ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریادا پەیامێکی بڵاو کردەوە و جەختی لە گرنگیی چەسپاندنی سیستەمی لامەرکەزی و پابەندبوون بە ڕێککەوتننامەی 10ـی ئادار کردەوە.

یەکشەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: ساڵێک بەر لە ئێستا، ڕژێمی ئەسەد لەناوچوو، سووریا پێی خستە قۆناغێکی نوێوە؛ ئەوە وێستگەیەکی چارەنووسساز بوو کە شانازی پێوە دەکەین و کۆتایی بە دەیان ساڵ لە ستەمکاری و دابەشبوون هێنا.

فەرماندەی هەسەدە پیرۆزبایی لە گەلی سووریا کرد و ڕایگەیاند، ئەم یادە ئیرادەی سوورییەکان دەسەلمێنێت بۆ بنیاتنانی ئایندەیەک کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، سەقامگیری، هاوبەشی و پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان بێت.

سەبارەت بە ئەرکەکانی قۆناغی ئێستا، مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کردووە: قۆناغی ئێستا بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی هاوبەش و گفتوگۆیەکی گشتگیر دەخاتە ئەستۆی هەمووان، بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی سوورییەکان بخاتە سەرووی هەموو بابەتەکان.

عەبدی هەڵوێستی هێزەکانیانی دووپات کردەوە و نووسیویەتی: پابەندبوونی نەگۆڕی خۆمان بە ڕێککەوتننامەی 10ـی ئادار دووپات دەکەینەوە، وەک بنەمایەک بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکرات و لامەرکەزی بە ئیرادەی ڕۆڵەکانی و بەهێزکراو بە بەهاکانی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی.

بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 08-12-2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی ڕژێمی بەشار ئەسەد هێنا و تاوەکوو ئێستاش چارەنووسی ئەسەد دیار نییە.

مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا لە 10ـی ئاداردا ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد، کە چەند بڕگەیەکی لەخۆگرتبوو، دیارترینیان یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بوو بە دامەزراوە نیشتمانییەکان، بەڵام بۆچوونە جیاوازەکانی نێوان هەردوولا ڕێگری لە پێشکەوتن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا کردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل