لە سووریا بۆ ساڵیادی ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد ئاهەنگێڕانە

لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاهەنگێڕان قەدەغە کرا

لە سەرانسەری سووریا ئاهەنگی جەماوەری بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بەڕێوە دەچێت، بەڵام لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئیدارەی خۆسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەموو جۆرە چالاکییەکی بەمبۆنەیەوە قەدەغە کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەمین ساڵیادی ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەدە، سوورییەکان ئاهەنگی خۆشی دەگێڕن، ئەمەش لە کاتێکدایە حکوومەتی نوێی ئەو وڵاتە، بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، هەوڵی نەهێشتنی لێکەوتە و کاریگەرییەکانی 13 ساڵەی شەڕی ناوخۆ و ڕێگری لە دابەشبوونی سووریا دەدات.

سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر گۆڕینی دەسەڵات، بەڵام حکوومەتی نوێی سووریا ڕووبەڕووی چەندان ئاڵنگاریی ئەمنی و سیاسی بووەتەوە، لەوانە بەردەوامبوونی ناکۆکی و نەسازانی نەتەوەیی، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەسەدە و هێزە کوردییەکان لەگەڵ دیمەشق، لە باشووری وڵاتەکەش داواکاریی پێکهاتەی درووزەکان بۆ بە دەستهێنانی مافی ئیدارەیەکی خۆبەڕێوەبەری.

جگە لە شەڕ و ناکۆکیی پێکهاتە نەتەوەییەکان، ناکۆکی مەزهەبی، بە تایبەت عەلەوییەکان ئاڵنگارییەکی دیکەیە لەبەردەم سەقامگیریی سووریا، هاوکات تا ئێستا بەشێکی زۆری ئاوارەبووانی چەند ساڵەی شەڕی ناوخۆ، نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

هەروەها لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، هەموو کۆبوونەوەیەکی جەماوەری و ئاهەنگێڕانێکی بە بۆنەی ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد قەدەغەکردووە، هاوکات هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە، بۆ زیادبوونی جموجووڵی "شانە تیرۆریستییەکان"، کە لەوانەیە ئەم بۆنەیە بۆ کردە و پەلاماردانی تیرۆریستی بقۆزنەوە.

ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و گۆڕانی دەسەڵاتی دیمەشق بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە هەژموونی سیاسی دەرەکی لە سووریای نوێ کرد، لەوانە کۆتایی بە هەژموونی ئێران هێنا و دەسەڵاتی فراوانی سەربازی و سیاسیی ڕووسیاشی تا ئاستی نەمان کەمکردەوە، بە پێچەوانەشەوە هەژموونی تورکیا، ئەمەریکا و وڵاتانی کەنداو دەستیپێکرد.

بە گۆڕانی دەسەڵات و سیستەمی سیاسیی سووریا لە دوای ساڵێک، حکوومەتەکەی شەرع تەنیا توانیویەتی بەشێک لە سزا و گەمارۆ سەپێندراوەکانی سەردەمی ئەسەد،  لە سەر دیمەشقی سووک بکات، کە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە سەپێندراون.

یەکشەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: ساڵێک بەر لە ئێستا، ڕژێمی ئەسەد لەناوچوو، سووریا پێی خستە قۆناغێکی نوێوە؛ ئەوە وێستگەیەکی چارەنووسساز بوو کە شانازی پێوە دەکەین و کۆتایی بە دەیان ساڵ لە ستەمکاری و دابەشبوون هێنا.

فەرماندەی هەسەدە پیرۆزبایی لە گەلی سووریا کرد و ڕایگەیاند، ئەم یادە ئیرادەی سوورییەکان دەسەلمێنێت بۆ بنیاتنانی ئایندەیەک کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، سەقامگیری، هاوبەشی و پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان بێت.

سەبارەت بە ئەرکەکانی قۆناغی ئێستا، مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کردووە: قۆناغی ئێستا بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی هاوبەش و گفتوگۆیەکی گشتگیر دەخاتە ئەستۆی هەمووان، بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی سوورییەکان بخاتە سەرووی هەموو بابەتەکان.

عەبدی هەڵوێستی هێزەکانیانی دووپات کردەوە و نووسیویەتی: پابەندبوونی نەگۆڕی خۆمان بە ڕێککەوتننامەی 10ـی ئادار دووپات دەکەینەوە، وەک بنەمایەک بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکرات و لامەرکەزی بە ئیرادەی ڕۆڵەکانی و بەهێزکراو بە بەهاکانی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل