هەسەدە داوای گەڕانەوەی ئاوارەکانی سێ ناوچە دەکات
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە یەکەمین ساڵیادی ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دا لە سووریا، وێڕای پیرۆزبایی لە گەلانی سووریا، داوای دەستپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانی دەکات و جەخت لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرکردایەتی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە ڕژێمی پێشوو وڵاتی بەرەو کارەسات بردبوو و بۆ دەیان ساڵ توندوتیژی دژی گەلەکەی بەکار دەهێنا.لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یەکەم ناوچە بوون کە لە ساڵی ٢٠١٢دا دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی دەرکرد." هەسەدە ڕوونی کردووەتەوە کە لەو کاتەوە ئیدارەیەکی دیموکراسی و هێزەکانی پاراستنی گەلیان دامەزراندووە، کە دواتر بووە بە هێزەکانی سووریای دیموکرات و ڕووبەڕووی تیرۆر بوونەتەوە و لەو پێناوەشدا هەزاران ئەندامیان گیانیان بەخشیوە.
هەسەدە باسی لەوە کردووە کە خەڵکی ناوچەکە لە ماوەی دەسەڵاتی بەعسدا بەدەست سیاسەتی دوورخستنەوە، برسێتی و ئاوارەبوونەوە گرفتار بوون، بۆیە ئێستا "پێویستە پشوو بدەن".
سەبارەت بە دۆخی سیاسی، هێزەکانی سووریای دیموکرات خوازیاری دەستپێکردنی دیالۆگێکی تۆکمەی نیشتمانییە کە تێیدا ماف و یەکسانیی سەرجەم نەتەوەکان زامن بکرێت. لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "پێویستە گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارەبووی عەفرین، گرێسپی و سەرێ کانی، لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەت بێت و ناتوانرێت چاوپۆشی لێ بکرێت."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، هەسەدە دووپاتی کردووەتەوە کە ئەوان وەک هێزی سەرەکی بۆ پاراستنی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک دەمێننەوە. ئاماژەیان بەوەش داوە کە ئایندەی سووریا بە زاڵبوون بەسەر عەقڵیەتی ڕژێمی کۆن و بنیاتنانی دەوڵەتێک لەسەر بنەمای ئازادی، دادپەروەری و هاوبەشی دەست پێ دەکات.
ساڵێک لەمەوبەر و لە بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە 8-12-2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد هێنا. لەو کاتەدا بەشار ئەسەد و خانەوادەکەی بەرەو مۆسکۆ هەڵاتن، و سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک ئەحمەد شەرع داوای ڕادەستکردنی ناوبراوی کردووە، بەڵام ڕووسیا داواکەی ڕەتکردووەتەوە.
