یەکەم رۆژی بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە ئەمەریکا دیاریکرا

یەکەم کەس لەم رۆژە دەکوترێت

K24- هەولێر:

سەرۆکی پرۆگرامی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە ئەمەریکا رایگەیاند، رەنگە 11ـی مانگی داهاتوو، یەکەم ئەمەریکی بە ڤاکسینی کۆرۆنا بکوترێت.

مۆسێف سلاوی، سەرۆکی پرۆگرامەکە بە سی ئێن ئێنی گوتووە، لەماوەی 24 کاتژمێری داهاتوو، ڤاکسینەکە دەگاتە بەشی دژە بەرگری و لەوێ پەسەند دەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، حاڵەتەکانی کۆرۆنا بەردەوامە لە زیادبوون لە ئەمەریکا، 12 ملیۆن کەس تووشی کۆرۆنا بوون و 255 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

کۆمپانیای فایزەر کە ڤاکسینی کۆرۆنای بە کاریگەری 95% بەرهەمهێناوە، نیازی هەیە ئەمساڵ 50 ملیۆن لەو ڤاکسینە بەرهەمبهێنێت و لە ساڵی 2021، یەک ملیار و 300 ملیۆن ڤاکسین بەرهەم دەهێنێت,

بە فەرمیش، هەردوو کۆمپانیای فایزەر و بیۆنتێک، داوای وەرگرتنی رەزامەندیان پێشکەش بە حکومەتی ئەمەریکا کردووە تاوەکو بتوانن ڤاکسینەکەیان بڵاوبکەنەوە.