رێگایەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە دەدۆزرێتەوە

هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی نییە

K24- هەولێر:

پسپۆڕانی ئیسرائیلی لە رێگای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، رێگایەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە دەدۆزنەوە، لەسەر مشک رێگاکە تاقیکراوەتەوە و تەواو سەرکەوتووبووە. چارەسەرەکە لە رێگای گۆڕینی دی ئێن ئەی دەبێت.

پرۆفیسۆر دان پیر لە زانکۆی تەلئەبیب سەرپەرشتی تاقیکردنەوەکەی کردووە تێیدا دەستکاری جین و دی ئێن ئەی مشکەکە کراوە، چارەسەرەکە، هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی نەبووە.

دان پیر دەڵێت، بڕوامان وایە ئەو جۆرە لەناوبردنی خانەی شێرپەنجەیە بەجۆرێکە، هەرگیز جارێکی دیکە خانەی شێرپەنجەکە دروست نابێتەوە.

بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، دی ئێن ئەی خانە شێرپەنجییەکان لەناو دەبرێن، بەمەش شێرپەنجەکە لەناو دەچێت، پێچەوانەی چارەسەری کیمیایی، ئەم چارەسەرە، زیان بە کەسەکە ناگەیەنێت ئەگەر لە داهاتوو لەسەر مرۆڤ تاقیبکرێتەوە.

لەو بارەشەوە پسپۆڕان دەڵێن، لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوو، هەمان تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ دەکەین و هیوامان وایە کۆتایی بە شێرپەنجە بهێنین.

The DailyMail