ڕۆیتەرز: عێراق بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی "ڕۆژئاوای قورنە 2" بە تەواوی ڕاگرت
بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی و دزەکردن لە بۆرییەکی هەناردەکردندا، عێراق بەرهەمهێنانی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی لە کێڵگەی زەبەلاحی (ڕۆژئاوای قورنە 2) لە بەسڕە ڕاگرت.
دووشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی کەرتی وزەی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی دزەکردنی نەوت لە یەکێک لە بۆرییەکانی هەناردەکردندا، عێراق تەواوی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی "ڕۆژئاوای قورنە 2" لە پارێزگای بەسڕە ڕاگرتووە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو کێڵگەیە کە لەلایەن کۆمپانیای "لوکۆیل"ی ڕووسییەوە کاری تێدا دەکرێت، ڕۆژانە نزیکەی 460 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.
کێڵگەی "ڕۆژئاوای قورنە 2" بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهان دادەنرێت و قەبارەی بەرهەمهێنانی نزیکەی 0.5%ی (نیو لە سەدی) کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان پێکدەهێنێت.
پێشتر، ڕوانگەی ئیکۆ عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردبوو، بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر کۆمپانیای 'لوک ئۆیل'ـی ڕووسی، شەش هەفتەیە مووچەی هەزار و 300 فەرمانبەری عێراقی دواکەوتووە.
ڕوانگە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو فەرمانبەرە عێراقیانەی لە کێڵگەی قورنە 2ـی ڕۆژئاوا لە بەسرە کار بۆ کۆمپانیای لوک ئۆیل، کاردەکەن، ڕوونیشی کردەوە، ئەم دواکەوتنە لە ئەنجامی ئەو سزاداراییانەیە کە ئەمەریکا بەسەر کۆمپانیا ڕووسییەکەدا سەپاندوویەتی."
کۆمپانیای لوک ئۆیلی ڕووسی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی عێراق دەکات، بەڵام بەم دواییانە ئەمەریکا سزای بەسەر هەردوو گەورە کۆمپانیای بواری وزە 'لوک ئۆیل و ڕووسنەفت'دا سەپاند، بەمەش کاری بەرهەمهێنان و بازرگانییەکانی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق پەکخست.
کۆمپانیای لوک ئۆیل یەکێکە لە دیارترین کۆمپانیا وەبەرهێنەرە بیانییەکان لە کەرتی نەوتی عێراقدا، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2009دا، وەک بەشێک لە خولی دووەمی مۆڵەتدان ڕێکەوتنێکی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی قورنە 2ـی ڕۆژئاوا واژۆکرد. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بە نزیکەی 480 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا مەزەندە دەکرێت، کە دەکاتە 9%ی کۆی بەرهەمی نەوتی عێراق.
