سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە دکتۆر ڕەشاد میران دەکات

سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە زانای ناسراوی کورد ڕەشاد میران دەکات بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی (پوشکین)، ڕەشاد میرانیش چەند کتێبێکی خۆی بەدیاری پیشکەشی سەرۆک بارزانی کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، ڕۆژی دووشەممە 8ی کانوونی یەکەمی 2025 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە کۆمەڵناس و زانای ناسراوی کورد دکتۆر ڕەشاد میران کرد.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی پێزانینی هەبوو بۆ هەوڵە زانستی و ئاکادیمییەکانی دکتۆر ڕەشاد میران و، دەستخۆشی و پیرۆزباییشی لێ کرد بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی (پوشکین) کە لە لایەن ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیاوە لە شاری مۆسکۆ لە مانگی ڕابردوو پێی بەخشراوە.

هەر لەو دیدارەدا دکتۆر ڕەشاد میران وێڕای سوپاسگوزاری بۆ سەرۆک بارزانی، کورتەیەکی لەمەڕ کارە زانستیەکانی باس کرد و چەند کتێبێکی خۆی وەک دیاری پێشکەشی سەرۆک بارزانی کرد.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل