کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران: زیاتر لە 3 ملیۆن ئاوارەی سووری گەڕاونەتەوە

ساڵێک دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکان و ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرای کرد و دەڵێت: زیاتر لە 3 ملیۆن ئاوارەی سووری گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. کۆمیسیۆنەکە ئەمە بە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ سەقامگیری ناو دەبات، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە،  بێ پشتیوانیی دارایی بەپەلەی نێودەوڵەتی، پرۆسەی بنیاتنانەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان مەترسیی لەسەر دروست دەبێت.


بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی کۆمیسیۆنەکە، لە مانگی 12ی 2024ـەوە تا ئێستا، زیاتر لە 1.2 ملیۆن پەنابەر لە وڵاتانی دراوسێوە بە ویستی خۆیان گەڕاونەتەوە سووریا، هاوکات 1.9 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیش گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

 بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم شەپۆلی گەڕانەوەیە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنێن بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی جەنگ، بەڵام ئاماژە بەوە دەدەن،  هێشتا پێویستییەکی زۆر بە هاوکاریی جیهانی هەیە بۆ ئەوەی ئەم هیوا نوێیە لەبار نەچێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا وردەکاریی گەڕانەوەکان لە وڵاتانی دراوسێوە خراوەتە ڕوو، لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 560,000 پەنابەر لە تورکیاوە، 170,000 لە ئوردن و نزیکەی 28,000 کەس لە میسرەوە گەڕاونەتەوە. 

سەبارەت بە لوبنانیش، ئاماژە بەوە کراوە،  تا کۆتایی مانگی 11، دۆسیەی هاوکاری بۆ 379,000 پەنابەر داخراوە بەهۆی گەڕانەوەیان بۆ ناوخۆی سووریا، کۆمیسیۆنەکە لەم پرۆسەیەدا هاوکاریی دارایی، گواستنەوە و ڕاوێژی یاسایی بۆ دەرکردنی بەڵگەنامەکان پێشکەش کردووە.

سەرەڕای ئومێدەکان، کۆمیسیۆنەکە وێنەیەکی نالەباری دۆخی ناوخۆی سووریای خستووەتە ڕوو، ژێرخانی وڵاتەکە بەهۆی جەنگی 14 ساڵەوە وێران بووە، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کارەبا و تەندروستی لە ئاستێکی نزم دان و پاشماوەی تەقەمەنییەکان مەترسییەکی گەورەن، بە جۆرێک تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە 577 کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، UNHCR زەنگێکی مەترسیداری لێ داوە و ڕایگەیاندووە،  لە کۆی ئەو 1.5 ملیار دۆلارەی بۆ ساڵی 2025 داوایان کردووە، تەنیا 33%ـی پارەکە دابین کراوە.

 ئەم کورتهێنانە داراییە توانای دابینکردنی پەناگە و خزمەتگوزارییەکان بۆ ملیۆنان کەس سنووردار دەکات و مەترسیی ئەوەی هەیە پرۆسەی گەڕانەوە پەک بخات یان ببێتە هۆی ئاوارەبوونەوەی خەڵک، ئەگەر بێت و دۆخی ژیان لە ناوخۆ باشتر نەکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل