ئەحمەد شەرع: لاپەڕە تاریکەکەی ڕژێمی ئەسەدمان داخست

ئەحمەد شەرع
ئەحمەد شەرع

لە میانەی ڕێوڕەسمی یەکەمین ساڵیادی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و ئەوەی بە ڕزگارکردنی سووریا ناو برد، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا نەخشەڕێگای وڵاتەکەی بۆ قۆناغی داهاتوو خستە ڕوو. 

ناوبراو وێڕای جەختکردنەوە لەسەر داخستنی لاپەڕە تاریکەکانی ڕابردوو و گۆڕینی چەمکی هاووڵاتیبوون لە ملکەچیـیەوە بۆ شەریک، ڕایگەیاند کە سەرکەوتوو بوون لە یەکخستنەوەی هێزە سەربازییەکان لە چوارچێوەی سوپایەکی نیشتمانیدا و دەستکردن بە پرۆسەی دادپەروەری بۆ لێپرسینەوە لە تاوانباران.


سەرۆکی سووریا لە وتارەکەیدا کە ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان، دایکان و منداڵانی بێسەرپەرشت و گەلی سووریای کرد، داوای لێ کردن، ئەم سەرکەوتنە بکەنە بەرپرسیارێتییەک بۆ گەیاندنی وڵات بە ڕیزی وڵاتە پێشکەوتووەکان، ئەو بە توندی ڕەخنەی لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشوو گرت و بە لاپەڕەیەکی ڕەش لە مێژووی وڵاتەکە وەسفی کرد، بە گوتەی ئەو، ڕژێمی پێشوو کاری لەسەر چاندنی تۆوی دووبەرەکی و گومان لەنێوان ڕۆڵەکانی گەل کردبوو و دیوارێکی ترس و تۆقاندنی لەنێوان دەسەڵات و هاووڵاتییاندا دروست کردبوو، بە جۆرێک چەمکی هاووڵاتیبوونی گۆڕیبوو بۆ ملکەچی و کۆیلایەتی، هاوکات وڵاتی بەرەو گەندەڵیی یاسایی، هەژاری و نەزانی بردبوو و خەڵکی لە مافە مەدەنی و سیاسییەکان بێبەش کردبوو.

ئابووری و دیپلۆماسی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شەرع باسی لە دەستکەوتەکانی ساڵی ڕابردوو کرد و ئاماژەی بەوە دا، لە ڕێگەی سەردانە مەیدانییەکانەوە بۆ پارێزگاکان، گوێیان لە داواکاریی خەڵک گرتووە و دیدگایەکی ڕوونیان بۆ سووریای نوێ داڕشتووە، ئەو باسی لە واژۆکردنی گرێبەستی هاوبەشی ستراتیژی کرد لەگەڵ وڵاتانی دۆست لە کەرتە هەستیارەکانی وەک وزە، بەندەر و فڕۆکەخانەکان، کە بووەتە هۆی بووژانەوەی ئابووری، ڕەخساندنی دەرفەتی کار و بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی تاک، هەروەها ڕایگەیاند،  هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان وێنەی سووریای لە دەرەوە لە وڵاتێکی جێی بەزەییەوە بۆ هاوبەشێکی جێی متمانە گۆڕیوە.

سوپای یەکگرتوو و دادپەروەری
لەبارەی دۆخی ئەمنی و سەربازییەوە، سەرۆکی سووریا ئاشکرای کرد،  هەنگاوی یەکلاکەرەوەیان بۆ کۆتاییهێنانی بە پەرتەوازەیی هێزەکان ناوە، بەوەی توانیویانە سەرجەم هێزە سەربازییەکان لە چوارچێوەی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو و پیشەییدا ڕێک بخەنەوە، ئەمەش وەک بنەمایەک بۆ چەسپاندنی ئاسایش.
هاوکات شەرع پابەندبوونی حکومەتەکەی بە پرەنسیپی دادپەروەریی گواستنەوەی دەسەڵات دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، مافی گەلە کە ڕاستییەکان بزانێت و لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانە بکرێت کە تاوانیان ئەنجام داوە یان یاسایان پێشێل کردووە، بە بڕوای ئەو، لێپرسینەوە یان ئاشتەوایی مەرجی سەرەکییە بۆ سەقامگیریی دەوڵەت و بنیاتنانی متمانە لەنێوان هاووڵاتی و دەوڵەتدا.


ئەم گوتارەی ئەحمەد شەرع لەکاتێکدایە، ساڵێک بەسەر گۆڕانکارییەکانی سووریادا تێدەپەڕێت، ئاماژەدان بە مێژووی شام وەک لانکەی مرۆڤایەتی و باوەڕ و دادپەروەری لە گوتارەکەیدا، پەیامێک بوو بۆ گەڕاندنەوەی ڕۆڵی شارستانیی سووریا لە ناوچەکەدا دوای دەیەیەک لە جەنگ و وێرانکاری، جەختکردنەوە لەسەر دادپەروەریی گواستنەوە ئاماژەیە بۆ هەوڵی حکوومەتی نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە ئاڵۆزەکانی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوویان داوە، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە تۆڵەسەندنەوەی شەخسی و گواستنەوەی ململانێکان بۆ ناو دادگاکان.