یەکێتیی ئەورووپا لە بارودۆخی سووریا نیگەرانە

یەکێتیی ئەورووپا لە بارودۆخی ئێستای سووریا نیگەرانە و داوا دەکات، حکوومەتی کاتی ئەو وڵاتە ڕێز لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ئەو وڵاتە بگرێت و کار بۆ بەڕێوەبردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانی و هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری بکات، جەختیش دەکاتەوە، ئەورووپا پشتیوانی لە سووریایەکی دیموکراسی و خاوەن سەروەری دەکات.

دووشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، یەکێتیی ئەورووپا بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە،نیگەرانی قووڵی خۆمان بەرانبەر بەو تووندوتیژیانە دەردەبڕین، کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ لە سەرتاسەری سووریا ڕوویاندا.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئاشتی و سەقامگیری بەبێ بوونی گفتوگۆیەکی نیشتمانی، ئاشتەوایی و دادپەروەری لە سووریا بەدینایەت، کە ئەمەش دەبێت پاڵپشتیکراوبێت بە بەهێزی دامەزراوەکانی دەوڵەت و چاکسازی ڕاستەقینە لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا.

یەکێتیی ئەورووپا داوا لە حکوومەتی سووریا دەکات، گرەنتی پاراستنی خەڵکی سووریا بە تەواوی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بەبێ جیاکاری بکات، هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ خواست و هیواکانی گەلی سووریا بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سەقامگیر، خۆشگوزەران و دیموکراسی دووپات کردەوە و داوا دەکات هەموویان لەو هەوڵە بەشداربن.

ئاماژەی بەوەش کردووە بە ئومێدەوە دەڕواننە کارکردن بە ڕۆحیەتی هاوبەشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە هاوبەشانەی کە ڕووبەڕووی سووریا، ناوچەکە و ئەورووپا دەبنەوە.

ڕاگەیێندراوەکەی یەکێتیی ئەورووپا بەبێ ئاماژەدان بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر خاکی سووریا، باسی لەوە کردووە، کە سەرکۆنەی هەر کردەیەکی سەربازی بیانی بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری سووریا دەکات و داواش دەکات، وڵاتان ڕێز لە سەرەوەری و یەکێتی خاکی سووریا بگرن و هەموو لایەک لە هەر ڕێکارێک دووربکەونەوە، کە دژی بڕیاری 497ی ساڵی 1981ی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بەو وڵاتە بێت.

یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی هاوکارییەکانی بۆ سووریاش ، لە ڕاگەیێندراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، لە چواردە ساڵی ڕابردوودا وڵاتانی ئەندام لەو یەکێتییە بە بڕی زیاتر لە 38 ملیار دۆلار هاوکاریی مرۆیی و ئابوورییان بۆ ئەو وڵاتە کۆ کردووەتەوە، کە لەو ڕێگەیەوە هاوکاری سوورییەکانیان لەنێوخۆی ئەو وڵاتە و دەرەوە کردووە.

دوای ئەوەی شەڕی ناوخۆیی لە ساڵی 2011 لە سووریا ڕوویدا، لە شوباتی ساڵی 2012 یەکێتیی ئەورووپا لە زۆرینەی کەرتەکان سزای زیاتری بەسەر سووریا سەپاند، هەروەها لە هەمان ساڵدا سزای بەسەر سەروەت و سامانی 120 بەرپرسی ئەو وڵاتە سەپاند.

دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، ئەورووپا بڕیاریدا سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت، لە ڕۆژی 20ی مانگی ڕابردوودا کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندبوو، سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا بەتەواوی هەڵدەگرن.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل