وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی زیاتر لە 233 ملیار دینار دا

لە چوارچێوەی بەردەوامیی پرۆسەی دابەشکردنی شایستە داراییەکانی کەرتی کشتوکاڵ، وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی عێراق ڕەزامەندیی دا لەسەر خەرجکردنی بڕە پارەیەک کە زیاترە لە 233 ملیار دینار، ئەم بڕیارە وەک بەشێک لە تەواوکردنی شایستەی دارایی جووتیاران بۆ وەرزی بەبازاڕکردنی ساڵی 2025 دێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی وەزارەتی دارایی، فەرمانگەی ژمێریاریی سەر بە وەزارەتەکە ڕێکارەکانی پارەدارکردنەکەی تەواو کردووە، بڕی پارەکە کە 233 ملیار دینار تێدەپەڕێنێت، ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، تاوەکو لەوێوە بەسەر جووتیارانی پارێزگا جیاوازەکاندا دابەش بکرێت.

وەزارەتی دارایی ڕوونی کردووەتەوە،ئەم پارەیە بریتییە لە حەوتەمین گوژمەی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2025، کە تایبەتە بە بەهای ئەو بەروبوومانەی ڕادەستی سایلۆکانی حکوومەت کراون. 

وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، پرۆسەی خەرجکردنی پارە بەردەوام دەبێت تاوەکو تەواوی شایستە داراییەکانی جووتیاران پاکتاو دەکرێت.

پرۆسەی بەبازاڕکردنی گەنم و دابەشکردنی شایستە داراییەکان یەکێکە لە دۆسیە هەستیارەکانی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان، ساڵانە جووتیاران بەروبوومی گەنم ڕادەستی سایلۆکانی وەزارەتی بازرگانی دەکەن، لە بەرانبەردا حکوومەت بەپێی سیستەمێکی دیاریکراو و بە شێوەی گوژمە پارەکە خەرج دەکات.

بۆ وەرزی کشتوکاڵیی 2025، حکومەتی عێراق هەوڵی داوە خێرایی لە دابەشکردنی پارەکەدا بکات بۆ هاندانی جووتیاران و مسۆگەرکردنی ئاسایشی خۆراک، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا دواکەوتنی پارەکان ناڕەزایەتیی لێ دەکەوتەوە. میکانیزمەکە بەو جۆرەیە کە وەزارەتی دارایی پارەکە دەخاتە سەر هەژماری کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی، دواتر لە ڕێگەی بانکەکانەوە بەپێی پسوولەی وەرگرتنی گەنم، پارەکە دەدرێتەوە بە جووتیاران،چاوەڕوان دەکرێت ئەم گوژمەیە بەشێکی بەرچاو لە قەرزەکانی سەر حکوومەت بۆ جووتیاران کەم بکاتەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل