هەولێر.. پێشبینیی هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و هەوری "سوپەرسێڵ" دەکرێت
لەگەڵ پێشبینیی هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و هەوری "سوپەرسێڵ" بۆ هەولێر لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە، تیمەکانی شارەوانی خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. هاوکات پێشبینیی دابەزینی پلەکانی گەرماش دەکرێت.
پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر ڕایگەیاند، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێکی نەخوازراو بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارینەوە، سەرجەم تیمەکانی شارەوانی و فریاکەوتن تا ڕۆژی پێنجشەممە لە ئامادەباشیی تەواودان و بە شێوەی ئێشکگریی 24 کاتژمێری خزمەت دەکەن.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، چاوەڕوان دەکرێت لە دوانیوەڕۆی سبەینێ دووشەممە و ڕۆژی سێشەممە، شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز و هەوری جۆری "سوپەرسێڵ" ناوچەکە بگرێتەوە، کە بارانی بەلێزمە و ئەگەری دروستبوونی لافاوی و تەرزەی لەگەڵدایە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی مەترسیدار تۆمار نەکراوە و بارانبارینەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بووە.
لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، بڕی 16.4 ملیمەتر باران لە سەنتەری شاری هەولێر باریوە، بەمەش کۆی گشتیی بارانبارینی ئەمساڵ لە شارەکە گەیشتووەتە 33.5 ملیمەتر، کە ئەمەش کاریگەریی باشی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ دەبێت. لەسەر ئاستی پارێزگاکەش زۆرترین بڕی باران لە ناوچەی بارزان باریوە.
سەبارەت بە پلەکانی گەرما، کەشناسیی هەرێم پێشبینی دەکات سبەینێ پلەکانی گەرما بە ڕێژەی 4 بۆ 6 پلە دابەزین بەخۆوە ببینن و بەرزترین پلە لە هەولێر 15 پلەی سیلیزی بێت، لە کاتێکدا ئەمڕۆ 17 پلە تۆمار کراوە.
تا ئێستا بەهۆی بارانبارین و تەڕبوونی شەقامەکانەوە، تەنیا چەند ڕووداوێکی بچووکی هاتووچۆ لە هەولێر ڕوویان داوە و هیچ زیانێکی گەورە نەبووە، تیمە پەیوەندیدارەکانیش دڵنیایی دەدەن کە ئامادەن بۆ هەر حاڵەتێکی فریاگوزاری.
