شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە
شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ورمێ وە تا ئیلام و لوڕستانی گرتووەتەوە. کەشناسیی ئێران پێشبینی کردووە ئەم شەپۆلە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام بێت و چاوەڕێ دەکرێت بە ڕێژەیەکی باش باران لە هەموو ناوچەکان ببارێت. ئەم بارانە کاریگەریی ئەرێیی لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و زیادبوونەوەی پاشەکەوتی ئاوی بەنداوەکان دەبێت.
شەپۆلەکە، لە 76ەمین ڕۆژی پاییزی ئەمساڵدا و لە کاتێکدا گەیشتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە هاووڵاتییان هاوین و پاییزێکی وشکیان بەڕێ کرد، چۆم و ڕووبارەکان وشک بوون و بەنداوەکانیش ئاوێکی کەمیان تێدا مابوو. بەردەوامیی وشکەساڵی و بێبارانی هەموو هاووڵاتییانی نیگەران کردبوو و هەر بۆیەش هەمووان، بە تایبەتیش جووتیاران، بەم بارانە دڵخۆشن.
مەحموود حسێنی، دانیشتووی بۆکان، بە کوردستان24ـی گوت: خەڵک خۆشحاڵن، بە تایبەتی جووتیاران و خاوەنباخەکان، بەڕاستی وشکەساڵی کەمئاوی تەنگی بەهەمووان هەڵچنیبوو.
شەپۆلەکە، پاش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان. بەڵام لە بەیانیی ڕۆژی دووشەممەوە کاریگەرییەکەی لەسەر هەموو پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرکەوت و وەک کەشناسیی ئێران ڕایگەیاندووە، تا بەیانیی ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت. بەم شێوەیەش ئەمە کاریگەریترین شەپۆلی بارانبارینی پاییزی ئەمساڵ دەبێت و چاوەڕێ دەکرێ مەترسیی وشکەساڵی لەسەر کێڵگە و باخەکان و بە گشتی دۆخی کشتوکاڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بڕەوێنێتەوە.
ئیبراهیم ئەحمەدی، دانیشتووی بۆکان، دەڵێت: هەرچەند بارانی پەڵە زۆر داواکەوت، بەڵام هیوادارم ئەم شەپۆلە بارانە بەردەوام بێت و ئیتر مەترسی وشکەساڵی نەمێنێت.
هێشتا باران لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات تاو تاو و پچڕپچرە بەڵام کەشناسی پێشبینیی کردووە، لە ڕۆژی سێشەممەوە بارانێکی بەخوڕ هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان و گەلی و دۆڵ و کەنار ڕووبارەکان و ناوچەکانی خوارووی چەمەکان مەترسیی هەستانی لافاو هەیە و لە ناو شارەکان و ڕێگاکانی دەرەوەی شارەکانیش هێزەکانی فریاکەوتن لە ئامادەباشیدان.
