عێراقچی دەنگۆی پەیوەندی لەگەڵ ویتکۆف رەت دەکاتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران بە توندی ئەو دەنگۆیانە رەت دە کاتەوە کە باس لە هەبوونی پەیوەندیی نوێ لە نێوان تاران و نێردەی تایبەتی ترەمپ دەکەن، و رایدەگەیەنێت ئەم جۆرە هەواڵانەش تەنیا بۆ چەواشەکردنی بازاڕی نەوت و رای گشتییە.

سێشەممە 17ی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا بە فەرمی وەڵامی ئەو راپۆرتانەی دایەوە کە باس لە بوونی پەیوەندی و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا دەکەن.

عێراقچی لە تویتەکەیدا رەتی کردەوە هیچ پەیوەندییەکی نوێ لە ئارادا بێت و نووسیویەتی: دوایین پەیوەندیم لەگەڵ ویتکۆف دەگەڕێتەوە بۆ پێش بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بوو."

سەبارەت بە هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ یاریپێکردن بە بازاڕەکان و جەختی کردەوە: "هەر بانگەشەیەک پێچەوانەی ئەمە بێت، وا دەر دەکەوێت کە تەنیا بە مەبەستی چەواشەکردن و چاوبەستیکردنی بازرگانانی نەوت و رای گشتی داڕێژرابێت."

دووشەممە 16ـی ئاداری 2026،  ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردبووە، لە چەند رۆژی رابردوودا پەیوەندیی راستەوخۆ لە نێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەستیپێکردووەتەوە. هەرچەندە روون نییە کە ئاستی گرنگی و قووڵیی نامە ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان عێراقچی و ویتکۆف تا چەند بووە، بەڵام ئەمە بە یەکەمین پەیوەندیی راستەوخۆی زانراوی نێوان هەردوو لایەن دادەنرێت لە دوای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە.