ئەردۆغان: بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی سووریا

ئەردۆغان ڕایگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی هەموو پاڵپشتییەک بۆ سووریا بەمەبەستی پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەی. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەپەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، لە دڵەوە پیرۆزبایی یەکەمین ساڵیادی شۆڕشی 8ـی کانوونی دووەم لە گەلی سووریا دەکات، کە بەهۆیەوە دوای ساڵانێک لە چەوساندنەوە و ئازارێکی زۆر و ناخۆشی جۆراوجۆر گەلی سووریا ئازاد بوون.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا، پێشوازی لەو پێشکەوتنانە دەکەن و بەرزیان دەنرخێنین کە برا سوورییەکانیان سەرەڕای هەموو جۆرە سەختییەک، هەوڵی تێکدەر و ئیستفزازییەک لە ساڵی ڕابردوودا بەدەستیانهێناوە، گوتیشی، بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی هەموو پاڵپشتییەکی پێویست بۆ دڵنیابوون لەوەی سووریا یەکپارچەیی خاکی خۆی بپارێزێت و ئاشتی کۆمەڵایەتی لەناو هەموو توێژەکانیدا مسۆگەر بکات و وەک ناوەندێکی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەیدا دەربکەوێت.

ساڵێک لەمەوبەر و لە بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە 8-12-2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد هێنا. لەو کاتەدا بەشار ئەسەد و خانەوادەکەی بەرەو مۆسکۆ هەڵاتن، سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک ئەحمەد شەرع داوای ڕادەستکردنی ناوبراوی کردووە، بەڵام ڕووسیا داواکەی ڕەتکردووەتەوە.

لەوبارەوە دوێنێ ئەحمەد شەرع لە مزگەوتی ئومەوی گوتارێکی پیشکەش کرد و گوتی: کۆتاییمان بە لاپەڕە تاریکەکانی ئەسەد هێنا، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکەوتوو بوون لە یەکخستنەوەی هێزە سەربازییەکان لە چوارچێوەی سوپایەکی نیشتمانیدا و دەستکردن بە پرۆسەی دادپەروەری بۆ لێپرسینەوە لە تاوانباران.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل