سێنتکۆم ئامارەکانی 16 رۆژ ئۆپەراسیۆنەکەی دژی ئێران بڵاو کردەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماری بەرفراوانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بڵاو کردەوە کە ناوی لێناوە "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا" (Operation Epic Fury). بەپێی ئامارەکان، بەکارهێنانی قورسترین چەک و فڕۆکە ستراتیژییەکان، بووەتە هۆی تێکشکاندنی زیاتر لە 7 هەزار پێگەی سەربازی و ئەمنی و زیاتر لە 100 کەشتی دەریایی ئێران.

سێشەممە 17ـی ئاداری 2026، بەپێی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، ئۆپەراسیۆنەکە بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتژمێر 9:15ـی بەرەبەیانی رۆژی 28ـی شوباتی 2026 دەستی پێکردووە. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەڵمەتە بریتییە لە "هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی تەواوەتیی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران"

سێنتکۆم دەشڵێت: ئامارەکان تا رۆژی 16ـی ئاداری 2026 کۆکراونەتەوە و لەو ماوەیەدا زیاتر لە 6,500 هێرش لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە ئەنجامدراون، کە بوونەتە هۆی پێکانی زیاتر لە 7,000 ئامانجی جیاواز. لەسەر ئاستی دەریاییش، زیاتر لە 100 کەشتی و پارچەی دەریایی ئێرانی تێکشکێنراون یان زیانی گەورەیان پێگەیشتووە.

سێنتکۆم لیستی ئەو جۆرە ئامانجانەی ئاشکرا کردووە کە لە سەرانسەری ئێراندا کراونەتە ئامانج، کە گورزێکی کەمەرشکێنیان لە ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتە داوە، گرنگترینیان بریتین لە:

ناوەندەکانی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵکردن.

بارەگا سەرەکییەکانی سوپای پاسداران (IRGC) و پێگە هەواڵگرییەکانیان.

سیستەمە یەکگرتووەکانی بەرگریی ئاسمانی

پێگەکانی هەڵگرتن و دروستکردنی مووشەکی بالیستی و کارگەکانی دروستکردنی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان).

کەشتی و ژێردەریاییەکانی هێزی دەریایی ئێران.

سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی دژە کەشتی و دامەزراوەکانی مووشەکی رووی زەوی بۆ ئاسمان (SAM).

کۆگا شاراوەکانی چەکەمەنی و ژێرخانی پاڵپشتیی سەربازی.

بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانە، سوپای ئەمریکا نوێترین و قورسترین چەکەکانی خۆی لە وشکانی، دەریا و ئاسمانەوە بەکارهێناوە، کە پێکهاتوون لە:

بەشداریپێکردنی سێگۆشەی تۆقێنەری بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا: (B-1)، (B-2 Stealth)ی خەفە، و گەورە بۆمبهاوێژی ستراتیژی (B-52).
لەسەر ئاستی فڕۆکەی جەنگیش، نەوەی پێنجەمی فڕۆکە خەفەکانی وەک (F-22) و (F-35) شانبەشانی فڕۆکەکانی (F-15, F-16, F-18, A-10) بەکارهێنراون. ئەمە سەرەڕای فڕۆکەکانی شەڕی ئەلیکترۆنی (EA-18G, EC-130H)، فڕۆکە هەواڵگرییەکان (U-2, RC-135)، لەگەڵ کەشتیگەلێک لە فڕۆکەی پڕکردنەوەی سووتەمەنی، گواستنەوەی سەربازی، و کۆپتەرەکانی وەک ئەپاچی (AH-64).

هەروەها بەکارهێنانی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە ئەتۆمییە زەبەلاحەکان، ژێردەریاییە ئەتۆمییەکان، و کەشتییە وێرانکەرە مووشەک‌هەڵگرەکان، کە پاڵپشتی کراون لەلایەن کەشتییەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و پێداویستی.

هاوکات لەسەر زەوی، ئەمریکا سوودی لە سیستەمە پێشکەوتووەکانی بەرگریی وەک پاتریۆت (Patriot) و ساد (THAAD) بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکی بالیستی وەرگرتووە، لەگەڵ بەکارهێنانی سیستەمی تۆپخانەی مووشەکیی هیمارس (HIMARS) و سیستەمەکانی دژە-درۆن بۆ پاراستنی هێزەکانیان.