بەرگریی ڕووسیا: شەوی ڕابردوو زیاتر لە 120 درۆنمان خستووەتە خوارەوە
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە چەند ناوچەیەکی جیاواز، 121 دۆرنی بۆمبڕێژکراوی ئۆکرانیایان تێکشکاندووە.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، لە کاتژمێر 11ی شەوی ڕابردوو تاوەکوو 7ی بەرە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 9ی کانوونی یەکەمی 2025، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە چەند ناوچەیەکی جیاواز و لە کاتی جودا، بەرپەرچی هێرشە درۆنییەکانی ئوکرانیایان داوەتەوە و 121 درۆنی بۆمبڕێژکراویان خستووەتە خوارەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری، لە ئاسمانی هەرێمی بیلگورۆد 49 درۆن، لە ئاسمانی هەرێمی کریمیا 22 درۆن، لە هەرێمی ڕیازان 10 درۆن، لە هەرێمی فۆرونینگ 9 درۆن، لە کەناراوەکانی دەریای قەزوێن 8 درۆن، لە ناوچەی ڕۆستۆڤ 5 درۆن، لە ئاسمانی کۆماری کالمیکیا 5 درۆن، لە ناوچەی نێجی نۆڤگۆرۆد 4 درۆن، لە ناوچەی لێپێتسک 3 درۆن، لە ئاسمانی هەر یەک لە ناوچەکانی کۆرسک و هەرێمی کڕاسنۆدار دوو درۆن و لە هەر یەکێک لە ناوچەکانی بریانسک و تولا یەک درۆن بە یەک درۆن خراونەتە خوارەوە.
لە 48 کاتژمێری ڕابردوودا ئەمە دووەمین هێرشی بەربڵاوەی درۆنی سوپای ئۆکرانیایە دەکرێتە سەر ڕووسیا، ڕۆژی یەکشەممە 7ی ئەم مانگە، بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، لە ئاسمانی چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەی، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە 77 درۆنی سوپای ئۆکرانیا بخەنە خوارەوە.
سوپای ڕووسیا لە 24ی شوباتی 2022 هێرشی فراوانی کردە سەر ئۆکرانیا و نزیکەی چوار ساڵە جەنگی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامە، سەرەڕای هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاگربەست و پاشتی نێوان هەردوو وڵات، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکانی بێ ئەنجام بوون.
