لە هێرشێکی چەکداریدا شەش سەربازی پاکستان کوژران
سەرچاوە ئەمنییەکانی پاکستان، ڕایانگەیاند، ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی پشکنین لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە لەسەر سنووری ئەفغانستان و لە ئەنجامدا شەش سەرباز کوژراون.
سێشەممە، 09 کانونی یەکەم، 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانی پاکستانەوە بڵاوی کردووەتەوە "هێرشەکە بۆ سەر خاڵێکی پشکنین لە ناوچەی 'کوورام' لە نزیک سنووری ئەفغانستان بووە؛ تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارەتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕووی داوە."
مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، چەند ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان پاکستان و ئەفغانستان ڕوویان دا و دەیان کەس لە هەردوو لا کوژراو و بریندار بوون.
سەرباری ئەو ئاگربەستە ناسەقامگیرەی نێوانیان، بەردەوام پێکدادانی سەربازیی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا ڕوو دەدەن. هەینیی ڕابردوو پێکدادانێکی قورس لەسەر سنوور ڕووی دا و لە ئەنجامدا لانیکەم، پێنج کەس کوژران.
ئیسلام ئاباد، بەرپرسیارەتی ئەو گرژی و پێکدادانانە دەخاتە ئەستۆی چەکدارانی گرووپی 'تەحریک تاڵیبانی پاکستان' کە خاکی ئەفغانستان وەک پێگە بۆ هێرشکردنە سەر هێزە چەکدارەکانی پاکستان بەکار دەهێنن؛ بەڵام کابوول، ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و بە کێشەی ناوخۆیی پاکستانی دەناسێنێت.
گرووپی چەکداریی 'تەحریک تاڵیبانی پاکستان' کە نزیکەی 20 ساڵە شەڕی چەکدارییان دژی پاکستان ڕاگەیاندووە، لەناوچە سنووریەکاندا بنکە و بارەگای نهێنیان دامەزراندووە و لەوێوە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی پاکستان.
