لافاو ڕێگەی چەمچەماڵ – سلێمانی داخست
لە چەمچەماڵ لافاو چووەتە چەندان ماڵ
بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لە ناوەندی شاری چەمچەماڵ لافاو دروستبووە و ئاو چووەتە نێو چەند ماڵێک و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش ژێر ئاو کەوتوون، هاوکات بەهۆی لافاوەوە ڕێگەی سەرەکی نێوان چەمچەماڵ بۆ سلێمانی داخراوە.
لە بەرە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممەوە 9ی کانوونی یەکەمی 2025، لە سنووری چەمچەماڵ و سلێمانی بارانی بەخووڕ دەبارێت، بە گوێرەی تۆمارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی هەرێمی کوردستان لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 81.2 ملم باران لە چەمچەماڵ و 61.3 ملم باران لە ناوەندی شاری سیلێمانی باریوە، بەهۆیەوە لە ناوەندی شاری چەمچەماڵ لافاو چووەتە چەند مالێک و خەڵکی داوا فریاگوزاری دەکەن بۆ ئەوە خەڵکی لە مەترسی ڕزگار بکەن.
هەر بەهۆی لافاوەوە لە تەکییە ڕێگەی نێوان سلێمانی – چەمچەماڵی داخراوە و جووڵەی هاتوچۆی بە تەواوی پەککەوتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ دووشەممە، سەنتەری هەماهەنگیی هاوبەشی پارێزگای سلێمانی (P.JCC) هۆشداریدابوو، لە ناوەندی شاری سلێمانی و دەوروبەری مەترسیی لافاو هەیە، بۆیە ژمارەیەکی هێلی گەرمی فریاگوزاریی کارا کردو داوای لە هاووڵاتیان کردووە، لە ئەگەری هەر حاڵەتێکی نەخوازراو و دروستبوونی لافاو، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژمارە 100ـەوە بکەن.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت ئەم شەپۆلە بارانەی هەرێم گرتووەتەوە تاوەکوو سبەی چوارشەممە بەردەوام بێت.
