سێ بەعسی بەتۆمەتی تێوەگلان لە تاوانی کۆمەڵکوژیی دەستگیرکران
گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەستگیرکردنی سێ ئەندامی پێشووی حزبی بەعسی ڕاگەیاند، کە دەستیان هەبووە لە ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی قوربانیانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە پارێزگای سەلاحەددین.
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: سێ ئەندامی پێشووی بەعس لە سەلاحەددین دەستگیرکران، دەشڵێت، "تۆمەتبارەکان لە میانی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانیان بەوەدا ناوە کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە تاوانی کۆمەڵکوژی کردووە."
ئەرشەد حاکم جەختیشی کردەوە، دەزگا ئەمنییەکان بەردەوامن لە بەدواداچوون و ڕاوەدوونانی هەموو ئەوانەی لەم تاوانانە تێوەگلاون، ئاماژەی بەوەشدا، " هەرچەندە کات تێپەڕ بێت، تاوانباران لە سزادان ڕزگاریان نابێت."
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، سەدان گۆڕی بە کۆمەڵ لە عێراق ئاشکرا کراون، بەگوێرەی ئامارەکان ژمارەی قوربانییان بە نزیکەی 300 هەزار کەس مەزەندە دەکرێن، کە زیاتر لە 180 هەزاریان هاووڵاتیی کوردن، بەتایبەت قوربانیانی پرۆسەی ئەنفال و جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە ناوچەکانی گەرمیان و بیابانەکانی خوارووی عێراق.
