بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاو ڕێگای کفری بۆ کەلار داخرا

وێنە لافاوی کەلار 'ئەرشیف'
وێنە لافاوی کەلار 'ئەرشیف'

بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە زۆرێک لە ڕێگا سەرەکییەکانی ناوچەکانی کوردستان بەهۆی لافاوەوە داخراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان گوتی: بەهۆی بارانی بەخوڕ دروست بوونی لافاو ڕێگای کفری بۆ کەلار بۆ ماوەیەکی کاتی داخرا.

ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا ئاستی ئاو زۆر بەرزبووەتەوە، ڕێگەکە بەداخراوی دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی ئاستی ئاوەکە نزم دەبێتەوە.

هاوکات  بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لە ناوەندی شاری چەمچەماڵ لافاو دروستبووە و ئاو چووەتە نێو چەند ماڵێک و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش ژێر ئاو کەوتوون، هاوکات بەهۆی لافاوەوە ڕێگەی سەرەکی نێوان چەمچەماڵ بۆ سلێمانی داخراوە.

لە لایەکی دیکەوە هاتوچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، نزیک چێشتخانەی کانی شەیتان، لێزمە باران ئاستەنگییەکی زۆری لە شاڕێی سەرەکی بازیان بە ئاراستەی سلێمانی و بەپێچەوانەوە دروستکردووە، بۆیە داواکارین لە پێناو پاراستنی سەلامەتی شۆفێران و ئۆتومبیلەکانیان تا ئاساییبونەوەی دۆخی کەشوھەوا ئەو شەقام و شارێیە بەکار نەھێنن. 

هەروەها ئاماژەیداوە، مەفرەزەکانی ھاتوچۆ لەو سنوورەدا لە ئەرکدان و وبەپێی تایبەتمەندی، ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن و ھاوکاری شۆفێران دەکەن. 

ھەر لەم چوارچێوەیەشدا و لەسەر فەرمانی پارێزگاری سلێمانی بەشێوەیەکی کاتی بازگەی تاسڵوجە بەڕووی شۆفێراندا داخرا، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ ئاماژەیداوە، دۆخەکە لەژێر چاودێریدایە و بەئاساییبوونەوەی دۆخی کەشوھەوا، ڕەوشی ھاتوچۆ ئاسایی دەکرێتەوە. 

هەروەها ڕایگەیاندووە، لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا دەتوانن لەرێی ژمارەی کۆنترۆڵی ھاتوچۆی سلێمانی 188 داوای ھاوکاری بکەن .

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل