سەرۆکی جەهەپە: ئارامیی کورد لە سووریا، گەرەنتییە بۆ تورکیا
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پشتیوانیی بەردەوامی پارتەکەی بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا و سووریا دووپات کردەوە. ناوبراو گوتیشی، پرسی کورد تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت، تا خودی کوردەکان دان بە چارەسەرکرنیدا نەنێن.
سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە حکوومەتی تورکیا بوودجەی وڵات لە کڕینی چەک و جبەخانە خەرج نەکات، بەڵکو بۆ ئاشتی و ئاوەدانی بەکاری بهێنێت. هەروەها داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای کرد، تایبەت بە سەڵاحەدین دەمیرتاش و دەستگیرکراوانی دیکە.
ئۆزگور ئۆزەل ڕایشیگەیاند، ئارامی و دیموکراسی بۆ کوردی سووریا، گەرەنتیی ئارامییە بۆ تورکیا. بۆیە داوا دەکات مافی کورد، درووز و سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا لە دەستووری ئەو وڵاتەدا مسۆگەر بکرێت.
لێدوانەکانی ئۆزگور ئۆزەل لە کاتێکدایە جموجووڵێکی سیاسیی نوێ لە تورکیا سەبارەت بە پرسی کورد هاتووەتە ئاراوە. لە ماوەی ڕابردوودا، ئۆزەل چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە چارەسەریی پرسی کورد دەبێت بە شێوەیەکی شەفاف و لەناو پەرلەمانی تورکیادا بێت.
ناوبراو چوار پێوەریشی بۆ ئەم پرۆسەیە دیاری کردووە: ناوەندبوونی پەرلەمان، شەفافیەت، دڵسۆزی و بوونی ڕێککەوتنێکی نیشتمانی. ئەم هەڵوێستەی جەهەپە دوای ئەوە دێت بەرپرسانی دیکەی تورکیا، لەنێویاندا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، ئاماژەیان بە کرانەوە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی کردووە.
هاوکات، داواکارییەکەی ئۆزەل بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوکاتە لەگەڵ نوێترین پێشهاتەکان لە دۆسیەکەیدا. دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا چەندین جار بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاشی داوە و مانەوەی لە زیندان بە پێشێلکاریی یاسایی و سیاسی لەقەڵەم داوە. لە نوێترین بڕیاریدا لە مانگی تشرینی دووەمی 2025، دادگاکە تانەی حکوومەتی تورکیای ڕەتکردەوە و بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاشی کردە بڕیارێکی کۆتایی و پابەندکەر. سەرەڕای ئەمەش، تورکیا تا ئێستا بڕیارەکانی جێبەجێ نەکردووە.
سەبارەت بە دۆخی سووریا، بانگەوازەکەی ئۆزەل بۆ مسۆگەرکردنی مافی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە دەستووردا، لە کاتێکدایە هەوڵەکان بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ ئەو وڵاتە تا ڕادەیەکی زۆر وەستاوە. یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکان، پرسی نوێنەرایەتیی کوردەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریایە لە لیژنەی دەستووری، بابەتێک تورکیا دژایەتی دەکات.
