حکوومەت وردەکاریی 7 ساڵ جەنگی سیستماتیک دژی ژێرخانی وزەی هەرێم ئاشکرا دەکات
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتێکی وردی بڵاو کردەوە لەژێر ناونیشانی "بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان (2018-2025)"، کە تێیدا پەردە لەسەر زنجیرەیەک هێرشی سیستماتیک لادەدات کە بە چەکی پێشکەوتوو ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج و زیانی گەورەی ماددی و مرۆییان لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سروشتی هێرشەکان لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکاری مەترسیداری بەخۆیەوە بینیوە و بەسەر چوار قۆناغدا دابەش دەکرێن:
قۆناغی یەکەم (2018-2021): هێرشەکان پچڕپچڕ و ناورد بوون، تەنیا بە مەبەستی پەکخستن و بێزارکردن لە ڕێگەی مووشەکی کاتیۆشاوە ئەنجام دەدران.
قۆناغی دووەم (2022): گۆڕانکاری ڕیشەیی ڕوویدا و ڕاستەوخۆ ماڵی وەبەرهێنەرانی کەرتی وزە کرانە ئامانج. دیارترین ڕووداوەکان بۆردومانکردنی ماڵی شێخ باز کەریم بەرزنجی بوو لە ئاداری 2022 بە 12 مووشەکی بالیستی، هەروەها لە نیسان و ئایاری هەمان ساڵ پاڵاوگەی کەڵەک لە دەشتی نەینەوا بە ئامانج گیران.
قۆناغی سێیەم (2023-2024): هێرشەکان ڕاستەوخۆ ژیانی مەدەنی و وەبەرهێنانیان کردە ئامانج، کە دیارترینیان شەهیدکردنی سەرمایەدار "پێشڕەو دزەیی" و ئەندامانی خێزانەکەی بوو لە کانوونی دووەمی 2024، لەگەڵ هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر کە بووە هۆی کوژرانی 4 کارمەندی بیانی.
قۆناغی چوارەم 2025؛ پەکخستنی تەواوەتی کەرتی کارەبا و نەوت.
ڕاپۆرتەکە ساڵی 2025ی بە "قۆناغی چوارەم" و مەترسیدارترین قۆناغ ناوبردووە، کە ئامانج لێی پەکخستنی تەواوەتی کەرتی نەوت و کارەبا بووە:
هێرشی پۆلە-درۆن (تەممووزی 2025): هێرشێکی هاوکات کرایە سەر 5 کێڵگەی نەوتی (خورمەڵە، سەرسەنگ، پێشخابوور، تاوکی و شێخان)، کە بووە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی 220 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
لێدانی کۆرمۆر (26ی تشرینی دووەمی 2025): هێرشێکی ورد بۆ سەر کۆگای گازی شلی ماڵان (LPG) ئەنجامدرا.
بەپێی خشتەی بەراوردکاریی دۆخی کارەبا و وزە پێش و دوای هێرشەکەی کۆتایی 2025، زیانەکان بەم شێوەیە تۆمار کراون:
بەرهەمهێنانی گاز: لە 750 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ سفر دابەزی.
بەرهەمهێنانی کارەبا: لە 4200 مێگاواتەوە بۆ کەمتر لە 1000 مێگاوات کەم بووەوە (واتە لەدەستدانی زیاتر لە 3000 مێگاوات).
کاتژمێرەکانی پێدان: لە 18 بۆ 24 کاتژمێرەوە، دۆخەکە گۆڕاوە بۆ پچڕانی تەواوەتی لە زۆربەی ناوچەکان.
جوگرافیای کاریگەری: تاریکی باڵی بەسەر سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم، کەرکووک و نەینەوادا کێشاوە و هەناردەی وزە بۆ تۆڕی نیشتمانیی عێراقیش وەستاوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا جەخت دەکاتەوە کە ئەم هێرشانە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی وزەی نیشتمانی و ژینگەی وەبەرهێنان لە سەرانسەری عێراقدا، بەدوور لە هەر خوێندنەوەیەکی سیاسی.
