ماڵپەڕی ئەلعەرەبی ئەلجەدید: ئەو لایەنانەی هێرشیان کردە سەر کۆرمۆر ئەمەریکا سزایان دەدات
بە گوێرەی لێدوانی سێ سەرچاوەی عێراقی، کە قسەیان بۆ میدیاکان کردووە، دەسەڵاتدارانی عێراق دەزانن، ئەمەریکا بە نیازە سزا بەسەر چەند کەسایەتی، سیاسی، بازرگان، سەرباز و چەند کۆمپانیایەکەدا بسەپێنێت، یەکێک لە سەرچاوەکان ئەوەی ڕوونکردووتەوە، سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا لە کاردانەوەی بۆردومانکردنی کێڵگەکانی گاز و نەوتی هەرێمی کوردستانە.
سێ سەرچاوە لە حکوومەتی عێراق بە ماڵپەڕی " العربي الجدید"ـیان ڕاگەیاندووە، بەرپرسانی ئەمەریکا لە سەردانەکانیاندا بۆ عێراق جەختیان لەوە کردووەتەوە، بە نیازن ئەو لایەن و کەسایەتییانە بخەنە لیستی سزاکانیانەوە، کە دەستیان لە سپیکردنەوەی پارەدا هەبووە، هەروەها هاوکاریی داراییان پێشکەش بە هەندێک گرووپ و لایەن کە هاوکاری وڵاتێکی دراوسێی عێراقیان کردووە.
یەکێک لە سەرچاوەکان لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بووە و ئاماژەی بەوە داوە، لیستی ئەو کەسایەتی و لایەنانەی کە ئەمەریکا بە نیازە سزایان بدات، ناوی کەسانی باڵادەستی نێو گرووپە چەکدارەکانی تێدایە، کە ئێستا فراکسیۆنیان لەنێو پەرلەماندا هەیە، هەروەها بڕیاری سزادانەکە لە ڕێگەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دەبێت، هەندێک لەو سزایانە وەڵامێکە بۆ ئەو بۆردومانانەی دەکرێنە سەر کێڵگەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکە لەو لایەن و کەسایەتییانەی لیستی سزاکانی ئەمەریکا دەیانگرێتەوە، ئەوانەن کە لە ڕێگەی داراییەوە هاوکاری هەندێک گرووپ و میلیشا دەکەن، کە لە بەرژەوەندیی وڵاتێکی دراوسێی عێراق کار دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە عائید هیلالی، توێژەری سیاسی و نزیک لە سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق ڕایگەیاندووە، لە نێو سیاسییەکانی عێراق هەست بە حاڵەتێکی چاوەڕوانکراوی سزاکانی ئەمەریکا دەکرێت، کە هەندێک لایەنی سیاسی، ئابووری، بازرگانی، کەرتی تایبەت و هەندێک کەسایەتی بکاتە ئامانج.
ئەو توێژەرە سیاسییە ئەوەی ئاشکرا کردووە، ئەو زانیارییانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دزەیان پێکراوە، ئاماژە بەوە دەدەن، ئەمەریکییەکان پێداچوونەوەیان بە لایەنی دارایی و ئەمنی پەیوەست بە هەندێک کەسایەتی سیاسی، بازرگان و سەرکردەی فراکسیۆنەکان تەواو کردووە، جگە لەو کەسایەتییانە کۆمپانیاکانی کەرتی گواستنەوەی وزە و لۆجستیش سزاکانی ئەمەریکا دەیانگرێتەوە.
عائید هیلالی، لە بارەی هۆشیارییەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق ڕوونی کردووەتەوە، لایەنی ئەمەریکی لە ڕێگەی هەندێک کەناڵەوە ئەوەی ڕاگەیاندووە، بەشێک لە سزاکان لە چوارچێوەی سیاسەتێکی نوێ دەبێت کە هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا ڕێک بخاتەوە، هەروەها زانیارییە دزەپێکراوەکان ئەوەیان دەرخستووە، سزا نوێیەکان زۆر لە سزاکانی پێشوو فراوانتر دەبن، هەر ئەمەش وای کردووە، حکوومەتی عێراق بە هەستیارییەوە بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە بکات، چونکە ترسی لەوە هەیە، کە ئەم سزایانە لە لایەنی سیاسی و ئەمنییەوە گرژی لێبکەوێتەوە.
سەبارەت بەوەی سزاکانی ئەمەریکا بە دیاریکراوی چ کەس و لایەنێک دەگرێتەوە، نزار حەیدەر، بەرێوەبەری سەنتەری ڕاگەیاندنی عێراقی لە واشنتن ڕایگەیاندووە، بە گشتی لە بەغدا و واشنتنیش لە حاڵەتی چاوەڕوانکردنی ڕاگەیاندنی سزاکانی ئەمەریکان، کە دەیان کەس و لایەن لەخۆ دەگرێت، کە عێراقین و لەژێر هەژموونی وڵاتانی دیکەدان، ئەمەش وا دەکات ئەو کەس و لایەنانە لە داهاتوودا ڕێگەیان پێنەدرێت لە عێراقدا کار بکەن.
دەربارەی هەڵوێستی ئەمەریکا لە بەرانبەر وەرگرتن و پێدانی پۆستی باڵای لە حکوومەتی داهاتووی عێراق بەو کەس و لایەنانەی لەژێر هەژموونی وڵاتانی دیکەدان. نزار حەیدەر جەختی کردەوە، ڕەنگە ئەمەریکا دژی پێدانی پۆست بەو کەسانە بێت، یاخود مامەڵەیان لەگەڵدا نەکات، ئەمەش مانای گوشاری زیاتری واشنتن بەرانبەر بە لایەنەکانی شیعە دەگەیێنێت، کە بڕیارە حکوومەت پێکبهێنن.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر چەندین کەسایەتی و لایەنی عێراقی سەپاندووە و تۆمەتباری کردوون، بە تێوەگلان لە گەندەڵی و بە قاچاخبردنی چەک.
لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا ئەمەریکا سزای بەسەر چەند کەسایەتییەکی سیاسی، سەربازی و ژمارەیەک کۆمپانیادا سەپاند.
