دەسەڵات بە سەرۆک زانکۆکانی هەرێم دەدرێت بۆ ئەوەى لە کاتى پێویستدا دەوام ڕابگرن
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێت: وەزیری خوێندنی باڵا دەسەڵاتی داوە بە سەرجەم سەرۆک زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بۆ سەلامەتیی گیانی قوتابییان دەوام ڕابگرن.
سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا، دەسەڵاتی داوە بە سەرجەم سەرۆک زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا دەوام ڕابگرن و پشوو ڕابگەیەنن.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کرد، دوێنێ شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگا، شار، قەزا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، کە لە هەندێک شوێن کاریگەریی بارانەکە زۆر بوو و ببوە هۆی لافاو، بۆیە لە پێناو سەلامەتیی گیانی قوتابییان، وەزیری خوێندنی باڵای ئەم بڕیارەی دەرکردووە و دەسەڵاتی داوەتە سەرۆکی زانکۆکان.
هەر بەهۆی کاریگەریی ئەو شەپۆلە لێزمە بارانەی کە ڕووی لە پارێزگا، شار، قەزا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، قایمقامییەتی قەزای چەمچەماڵ بڕیار یدا سبەی چوارشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2025، لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان و ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمی بێت، تەنیا ئەو شوێنانە نەبێت کە ئەرکی ئێشکگرییان لە ئەستۆیە.
لە لایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارەزووریش، بڕیاری دا، سبەی چوارشەممە دەوام لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ڕابگرێت، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژی دواتر کە دەکاتە پێنجشەممە دەوام ئاسایی دەبێتەوە.
دوێنێ دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، شەپۆلێکی بەهێز و چڕی بارانبارین زۆربەی پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لە هەندێک ناوچەدا بەهۆی زۆریی بڕی بارانەکەوە لافاو دروست بوو و زیانی گیانی و ماددیی لێ کەوتەوە.
ڕووداوەکان تەنیا بە زیانی ماددی کۆتاییان نەهات، بە پێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی و لایەنە تەندروستییەکان، لە چەند ناوچەیەکی جیاواز بەهۆی لافاوەوە، ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە تەرمی قوربانییەکان دەربهێننەوە و بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانەکان بکەن.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیس و شارەوانییەکان لە سەرجەم شارەکاندا کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، لە زۆر شوێن توانیویانە ئەو هاووڵاتییانە ڕزگار بکەن کە لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان یان ماڵەکانیاندا گیریان خواردبوو.
ئەم شەپۆلە بارانبارینە پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکەی هێشتا بەردەوام بێت، وای کردووە دەزگا پەیوەندیدارەکان هۆشداری بدەنە شۆفێران و هاووڵاتییان کە لە کاتی پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان دەرنەچن و لە ڕێڕەوی لافاو دوور کەونەوە.
