کۆشکی سپی: سەرۆکی ڤەنزوێلا زۆر ترساوە
سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی ڕایدەگەیێنێت، دوای گرتنەبەری هەندێک ڕێکار لەلایەن ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا دژ بە دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا ، سەرۆکی ئەو وڵاتە زۆر ترساوە
کارۆڵاین لێڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووزی ئەمەریکی ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو ڕێکارانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەرانبەر بە ڤەنزوێلا گرتوویەتییەبەر، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە زۆر ترساوە.
سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی بە جەختکردنەوە لەسەر ترسانی سەرۆکی ڤەنزوێلا لە ڕێکارەکانی ترەمپ گوتیشی، پێموایە ئەوە ڕاستە کە زۆر ترساوە و دەبێت هەرواش بێت.
ڕۆژی شەممە 29ی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە سەرجەم هێڵەکانی فڕۆکەوانی کرد، بەسەر ئاسمانی ڤەنزوێلا نەفڕن، لەبەرانبەریشدا دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە سەرکۆنەی لێدوانەکەی ترەمپیان کرد و داواییان کرد، واشنتن ڕێز لە ئاسمانی ڤەنزوێلا بگرێت، هەروەها داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی فڕۆکەوانی نێودەوڵەتی کرد، سەرکۆنەی ئەو هەڵوێستەی ئەمەریکا بکەن.
ئیدارەی ئەمەریکا، حکوومەتی ڤەنزوێلا بە هەناردەکردنی ماددەی هۆشبەر بۆ وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات، لەبەرانبەریشدا دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە و پێیان وایە، ئەمە تەنیا بیانوویێەکە و ئەمەریکا کار بۆ دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتەکەیان دەکات.
دوێنێ دووشەممە سێرگی ڕیابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە بارەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و کاراکاس ڕایگەیاند، مۆسکۆ پشتیوانی تەواو لە دەسەڵاتی ئێستای ئەو وڵاتە دەکات و ئاماژەی بەوەدا، ئەمەریکا هەوڵدەدات هەژموونی خۆی بەسەر ڤەنزوێلا بسەپێنێت.
