بە سێ مووشەک دەوروبەری فڕۆکەخانەی مەززە لە دیمەشق بۆردوومان کرا
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ تایبەت بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی مەززە لە دیمەشق بیستراوە و تیمە فریاگوزارییەکان بەڕێکەوتوون، هاوکات سەرچاوەیەکی سەربازیی سووری ڕایگەیاند، بە سێ مووشەک هێرش کراوەتە سەر دەوروبەری ئەو فڕۆکەخانەیە
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە سێشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2025 دەوروبەری فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززە لە دیمەشق کراوەتە ئامانج.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە ڕایگەیاندووە، بە سێ مووشەک کە نەزانراوە لە کوێوە هەڵدراوە، دەوروبەری فڕۆکەخانەی مەززە کراوەتە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە بڵاوەیان پێ کراوە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دۆزینەوە و دیاریکردنی سەرچاوەی هێرشەکە.
هەروەها ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ کوردستان24ـی پشتڕاست کردەوە، چالاکوانەکانیان لە ناوچەکە ڕایانگەیاندووە کە دەنگی تەقینەوەکان بەهۆی کەوتنی چەند مووشەکێکەوە بووە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززە لە ڕۆژئاوای دیمەشق.
عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەش دا، هاوکات لەگەڵ تەقینەوەکان، دەنگی ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن و پۆلیس لەسەر ئۆتۆبانی مەززە بیستراوە و جموجۆڵێکی زۆری ئەمنی لە ناوچەکە هەیە.
سەبارەت بە زیانەکان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری ڕوونی کردەوە: تا ئێستا زانیاریی پشتڕاستکراوەمان لەبارەی قەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکان بەدەست نەگەیشتووە و چاوەڕوانی زانیاری وردتر دەکەین.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە میدیا فەرمییەکانی سووریا ڕایانگەیاند، لە کاتی هاتنەناوەوەی هێزێکی سوپای ئیسرائیل بۆ ناوچەی "خان ئەڕنەبە" لە پارێزگای قونەیترە (باشووری سووریا)، سێ هاووڵاتی بە تەقەی سەربازانی ئیسرائیل بریندار بوون.
بەپێی ئاژانسی سانا، هێزەکانی ئیسرائیل بە زرێپۆشەوە چوونەتە ناوچەکە و بازگەیان داناوە و تەقەیان لە خەڵکی مەدەنی کردووە. لە بەرانبەردا، سوپای ئیسرائیل دەڵێت: تەقەیان لە ژمارەیەک گومانلێکراو کردووە کە لە هێزەکانیان نزیک بوونەتەوە و هەڕەشە بوون.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدان کە ساڵێک بەسەر ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد تێپەڕیوە. لە دوای ئەو گۆڕانکارییە، سوپای ئیسرائیل چەندین جار سنووری بەزاندووە و چووەتە ناوچە دابڕێنراوەکانی ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان.
