مێسی گەورەترین ریكۆردی لە خولی ئەمریكا تۆمار كرد
مێسی پەیامێكی لەبارەی ئەو ریكۆردە بڵاو كردەوە
لیۆنێل مێسی بۆ جاری دووەم لەسەر یەک، وەکو باشترین یاریزانی خولی ئەمریکا دیاریکرا، بەمەش مێسی بووە یەكەمین یاریزان لە مێژوودا ئەم ریكۆردە تۆمار بكات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 9 دێسێمبەری 2025، ماڵپەری فەرمی فێدراسیۆنی تۆپی پێ ئەمریکا، براوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی خولەکەی بڵاوکردەوە و لیۆنێل مێسی گۆڵكاری یانەی ئینتەر مەیامی توانی خەڵاتەکە بباتەوە.
لیۆ مێسی دووەم ساڵە لەسەر یەک خەڵاتی باشترین یاریزانی خولی ئەمریکا دەباتەوە، بەمەش لیۆ بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی خولی ئەمریکا، دوو وەرز لەسەر یەک خەڵاتی باشترین یاریزانی بباتەوە. جگە لەوەش مێسی بووە دووەم یاریزان لە مێژووی ئەمریکا دووجار خەڵاتی باشترین یاریزانی خولەکە بباتەوە. ئەم خەڵاتەی مێسی دەبێتە 30ـەم خەڵاتی تاکەکەسی لە کاروانی وەرزشی.
لیۆنێل مێسی دوای وەرگرتنی خەڵاتەكە رایگەیاند هەست بە شانازی دەكات كە بۆ دووەم ساڵە لەسەریەك ئەو خەڵاتە دەباتەوە، دەشڵێت: دەمەوێت ئەم خەڵاتە لەگەڵ هاوڕێیەكانم بەش بكەم، چونكە ئەوان هۆكاری سەرەكی بردنەوەی ئەم خەڵاتەی من بوون.
مێسی وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەکەی واتە ئینتەر مەیامی، بەشداری 28 یاری کرد و توانی 29 گۆڵ و هەروەها 16 ئاسیست تۆمار بکات و بووە گۆڵکاری خولەکەش.
مێسی دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی خولی ئەمریکا بۆ دووەم ساڵی لەسەر یەک رایگەیاند، خۆشحالە بە بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە و یەکەم کەسم دووجار لەسەر یەک ئەو خەڵاتە بەدەست دەهێنم.
