لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت تیمەکانی تەندروستیی بەهانای لێقەوماوانی چەمچەماڵەوە چوون

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەپەلە بەدەم قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەماڵەوە چوون و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی چارەسەرکردنی بریندارەکانیان کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، بەهۆی لافاوەکەی چەمچەماڵەوە دوو هاووڵاتی پیاوێکی تەمەن 72 ساڵ و ژنێکی تەمەن 22 ساڵ گیانیان لەدەستداوە و 12 هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.

دوای ڕووداوەکە، دەستبەجێ د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی بە هەماهەنگی لەگەڵ د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی و د. نورەدین جەلال، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی چەمچەماڵ، چاودێریی ڕێکارەکانی فریاگوزارییان کردووە. تیمەکانی ئەمبوڵانس و فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و لە نەخۆشخانەکانیش پزیشکان و کارمەندان خزمەتگوزاریی خێرایان پێشکەش بە لێقەوماوان کردووە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: "ڕۆژی سێشەممە 9ی کانوونی یەکەمی 2025، بەهۆی لافاوێکی بەهێزەوە لە چەمچەماڵ، بەداخەوە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و 12ـی دیکە بریندار بوون. لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، دەستبەجێ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و تیمە تەندروستییەکانی سلێمانی و چەمچەماڵ لەسەر هێڵ بووین بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتییان".

وەزیری تەندروستیی ئاماژەی بەوەش داوە تیمەکان لە ئەرکدان و هەموو پێداویستییەکی پزیشکی و چارەسەری بۆ بریندار و لێقەوماوان دابین کراوە.

وەزیری تەندروستیی وێڕای دەربڕینی نیگەرانی و سەرەخۆشی بۆ گیانلەدەستدانی ئەو دوو هاووڵاتییە و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان، سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی کرد بۆ بەدواداچوونی بەردەوام و خەمخۆری بۆ دۆخی هاووڵاتییان. هەروەها دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، نەخۆشخانەی چەمچەماڵ، پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیی کرد کە دڵسۆزانە لە ئەرکدا بوون بۆ خزمەتکردنی لێقەوماوان.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل