گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ کەرکووک ڕاگیران
هێڵی ئاسمانی تورکیا هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گەشتە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیستانبوڵەوە بۆ فڕۆکەخانەی کەرکووک ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی تێکچوونی کەشوهەوای ناوچەکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمپانیای 'تورکیش ئێرڵاین' ڕایگەیاندووە، "دۆخی ناجێگیری کەشوهەوا، کەم بینین و بای بەهێز لەگەڵ بارانی بەخوڕ، هۆکاری سەرەکیی پشت هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی کەرکووک بووە"، جەختیشیکردەوە، بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەکان لەبەر نیگەرانی و سەلامەتی سەرنشین و تیمی فڕۆکەوانی دراوە.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرنشینەکان لەڕێگەی کورتەنامە و ئیمەیڵەوە سەبارەت بە زانیاری تازە ئاگادار دەکاتەوە، هاوکات بژاردەی دووبارە حجزکردنەوە بەخۆڕایی یان گەڕاندنەوەی بڕە پارەی بلیتەکان بەبێ لێبڕین دابینکردووە، تا ئەو کاتەی کەشوهەوا باشتر دەبێت و گەشتەکان دەگەڕێنەوە سەر خشتەی ئاسایی خۆیان.
لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ چەند پارێزگایەکی عێراقی گرتەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر هاتوچۆی ڕێگاوبان و فڕۆکەخانەکان هەبووە، هاوکات پێشبینی دەکرێت بارانبارین بەردەوام بێت.
