عێراق یەکەمی وڵاتانی عەرەبییە، لەڕووی زۆریی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا
نزیکەی 12 هەزار کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
K24 - هەولێر
عێراق نزیکەی 40 ملیۆن دانیشتووی هەیە، چوارەمی وڵاتانی عەرەبییە لەڕووی زۆریی ژمارەی دانیشتووانەوە، کەچی لەڕووی زۆریی گیانلەدەستدان بە پەتای کۆرۆنا، یەکەمی ئەو وڵاتانەیە.
بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، عێراق یەکەمی وڵاتانی عەرەبییە، لەڕووی زۆری ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا، دوای ئەویش هەریەک لە: سعودیە، مەغریب، ئوردن، ئیمارات و کوێت دێن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تائێستا 11 هەزار و 966 کەس لە عێراق بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. لە میدیاکانی عێراقەوە باس لەوە دەکرێت، سەرەڕای سەختیی کاریگەربوونی عێراق بە کۆرۆنا، بەڵام رێکارەکانی خۆپارێزی لەلایەن خەڵکەوە بە کەمی جێبەجێدەکرێن.
حەسەن خەڵاتی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کردووە، تائێستا عێراق لەناو شەپۆلی یەکەمی پەتای کۆرۆنادایە، هەروەها گوتوویەتی "بەرلە کۆتایی هاتنی ئەمساڵ، وەزارەتی تەندروستی 10 ملیۆن ڤاکسینی کۆرۆنا بە دەستدەهێنێت".
هـ.ر.