ئەنجوومەنی نوێنەران سزاکانی سەر سووریای هەڵگرت
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی بودجەی بەرگریی 2026ـی وڵاتەکەی هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەری سەر سووریای پەسەند کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، جۆو ویڵسن ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، "من زۆر خۆشحاڵم کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەری پەسەند کرد، گوتیشی: سوپاسی سەرۆک ترەمپ و تۆم باراک دەکەم کە پشتیوانیان لە هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارم لە چەند ڕۆژی داهاتوو یاساکە لە ئەنجوومەنی پیران پەسەند بکرێت و دواتر بچێتە سەر مێزی دۆناڵد ترەمپ تاوەکوو واژۆی بکات، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سووریا گەورە بکەینەوە.
کۆنگرێسمانەکە باسی لەوەشکردووە، لە مانگی ئایاری ڕابردووەوە پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی یاسای قەیسەریم لە ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەش کردووە و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا سەرکردایەتی هەوڵەکانم لە ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە زۆرینەی دەنگ، هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی کە بە پێی "یاسای قەیسەر" بەسەر سووریادا سەپێندرابوون، پەسەندکرد.
هەڵوەشاندنەوەکە بێ مەرج بووە کە لە یاسای بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دانرابوو، ئەمەش دوای هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕی حکوومەتی سوریا و پشتگیری کۆمەڵگەی سووریا و ڕێکخراوە چالاکەکانی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرەڕای پشتیوانی وڵاتانی دیکە بۆ لابردنی ئەو سزایانەی کە بارگرانی خستووەتە سەر سوورییەکان.
'یاسای قەیسەر' یاسایەکی ئەمەریکایە کە سزای بەسەر حکوومەتی سووریا و بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ڕژێمی پێشووی سووریادا سەپاندبوو، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ، هەروەها ئامانجی یاساکە سزادانی هەر کەسێک و لایەنێکە کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی سووریا بکات، سزاکەش زیاتر کەرتەکانی وزە و بیناسازی دەگرێتەوە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2019 واژۆ کراوە و لە مانگی حوزەیرانی 2020 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
Grateful that the House of Representatives passed the FULL repeal of the Caesar Act as part of the NDAA. I was grateful to introduce the House legislation for full repeal back in May and to lead efforts in the House for the past six months. Grateful for the support of President…
— Joe Wilson (@RepJoeWilson) December 10, 2025
