تورکیا بۆ هەسەدە: بچنە پاڵ سوپای سووریا تا دەروازەکان بکەینەوە
گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوونی هەرجۆرە ئامادەکارییەکی سەربازیی تورکیا لەسەر سنوورەکان ڕەتدەکاتەوە، لە کاتێکدا وەزیری دەرەوەی تورکیا کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان بەستووەتەوە بە یەکگرتنی هێزە کوردییەکان لەگەڵ سوپای سووریا.
مەحمود حەبیب، گوتەبێژی هێزەکانی باکووری دیموکرات (NDF) کە بەشێکە لە هەسەدە، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (العربية) ڕایگەیاند: "لە ماوەی ڕابردوودا هیچ جۆرە جموجۆڵ و کۆبوونەوەیەکی سەربازیی تورکیامان بەدرێژایی هێڵەکانی پێشەوە بەدی نەکردووە و هیچ ئامادەکارییەکی ڕوون بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان لە ئارادا نییە."
حەبیب ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی دەبینرێت هەوڵی تورکیایە بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی لە ناو خاکی سووریادا، بەمەبەستی "ڕزگاربوون لە پابەندبوون و قەیرانە ناوخۆییەکانی لە ڕێگەی دەستوەردان لە دۆسیەی سووریاوە."
لەلایەکی دیکەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی (TRT)، هەڵوێستی ئەنقەرەی بەرامبەر دۆخی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوونکردەوە.
فیدان ڕایگەیاند: "پێش ئەوەی هەموو دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ سووریادا بکرێنەوە، پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات ملکەچی فەرماندەیەتیی حکوومەتی ناوەندی بن و بچنە ژێر ڕکێفی سوپای سووریاوە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ پرۆسەی یەکخستنی ئەو هێزانە لەگەڵ سوپای سووریا دووپاتکردەوە، بەڵام هەسەدەی تۆمەتبار کرد بەوەی "هیچ ئامادەیییەکیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ دیمەشق نیشان نەداوە."
لە 10ـی ئاداری 2025، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا، ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد. بەپێی ڕێککەوتنەکە، دەبێت سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا یەکبخرێن.
سەرەڕای ئەوەی هەردوولا جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆکان دەکەنەوە، بەڵام پرۆسەی جێبەجێکردنەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە و هەریەکەیان ئەوی دیکە بە دروستکردنی ڕێگری تۆمەتبار دەکات.
تورکیا، هەسەدە و یەپەگە بە لقی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنێت، لەکاتێکدا هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوام ئەو پەیوەندییە ڕەتدەکەنەوە.
