ئەفغانستان بۆ هاووڵاتییانی: شەڕ کردن لە دەرەوەی وڵات حەرامە

ئەفغانستان
ئەفغانستان

حکوومەتی ئەفغانستان فەتوای حەرام بوونی شەڕکردنی ئەفغانییەکانی لە دەرەوەی وڵات دا، هەروەها پابەندیش دەبێت بەوەی ڕێگەنادات خاکی وڵاتەکەی بۆ دژایەتیکردنی هیچ وڵاتێکی دیکە بەکاربهێندرێت.

سەرچاوەیەک لە حکوومەتی ئەفغانستان بە ماڵپەڕی عەرەبییەی ڕاگەیاندووە، حکوومەتی تاڵیبان بەئامادەبوونی مەلا محەممەد حەسەن ئاخوندە، سەرۆکوەزیران، دادوەر عەبدولحەکیم شەرعی، سەرۆکی دامەزراوەی دادوەری و بە بەشداری نزیکەی هەزار پیاوی ئایینی ناوچە جیاوازەکانی ئەفغانستان بۆ دەرکردنی فەتوا دەربارەی چەندین پرسی تایبەت بە وڵاتەکەیان کۆبوونەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەداوە، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین فەتوا دراون، لەنێویاندا فەتوای حەرام کردنی شەڕکردنی ئەفغانییەکان لە دەرەوەی وڵات، هەروەها حکوومەت بە سزادانی ئەو کەسانە پابەند کراوە، کە لە دەرەوەی وڵات شەڕ دەکەن.

سەرچاوەکە لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتوویەتی، کۆبوونەوەکە لەسەر فەرمانی مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، ڕێبەری تاڵیبان بووە، هەروەها حکوومەتی ئەفغانستان پابەند کراوە، کە نابێت ڕێگە بەوە بدات، خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرش و دژایەتیکردنی هیچ وڵاتێک بەکاربهێندرێت.

لە 11ی سێپتێمبەری ساڵی 2001 دوای تەقینەوەی هەردوو تاوەری بازرگانی نێودەوڵەتی لە ئەمەریکا، دەسەڵاتدارانی واشنتن ئوسامە بن لادن سەرۆکی ڕێکخراوی قاعیدەیان بە پلانداڕێژەی هێرشەکە تۆمەتبار کرد، کە ئەوکات لە ئەفغانستان بوو، هەربۆیە داوایان لە حکوومەتی تاڵیبان کرد، بن لادن ڕادەست بکات، لەبەرامبەردا تاڵیبان داواکەی ئەمەریکای ڕەتکردەوە، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بڕیاری هێرشکردن دژی حکوومەتی تاڵیبان بدەن و کۆتایی بە دەسەڵاتەکەیان لەو وڵاتە بهێنن.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل