نەتەوە یەکگرتووەکان: پاشماوەی شەڕ لە غەززە، هەڕەشە لە ژیانی منداڵان دەکەن

منداڵێکی فەڵەستینی بە تەنیشت بۆمبێکی نەتەقیودا تێدەپەڕێت.
منداڵێکی فەڵەستینی بە تەنیشت بۆمبێکی نەتەقیودا تێدەپەڕێت.

سەرۆکی بەرنامەی هەڵگرتنەوەی مینی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە غەززە، دەڵێت: کەرتی غەززە بە شێوەیەکی ترسناک بە تەقەمەنی و پاشماوەی شەڕ پیس بووە.

دوێنێ، چوارشەممە 10ـی کانوونی یەکەم 2025، جولیۆس ڤان دەر واڵت، سەرۆکی بەرنامەی هەڵگرتنەوەی مینی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە فەڵەستین، ڕایگەیاند "منداڵان لاوازترین گرووپن لە بەرانبەر مەترسییەکانی پاشماوەکانی شەڕ و تەقەمەنییە نەتەقیوەکان؛ ئەم بابەتە ڕێگریی لە ئاسایی بوونەوەی دۆخی ژیانی غەززە دەکات."

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، جەختی کردەوە لەوەی "تەقەمەنییە نەتەقیوەکان لە غەززە، پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەست و گەڕانەوەی هەزاران ئاوارە، بوونەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی؛ جگە لەوەش ئەو ژمارە زۆرەی بۆمبی نەتەقیو و مین، کاریگەریی نەرێیی زۆریان کردووەتە سەر ڕەوشی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە."

ڤان دەر واڵت، گوتیشی: خزمەتگوزاریی هەڵگرتنەوەی مینی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە تشرینی یەکەمی 2023ـەوە لە کەرتی غەززە کار دەکات و ژمارەیەکی زۆر بۆمبی دەستکرد و مین و  گولـلەتۆپ و مووشەکی نەتەقیو دۆزراونەتەوە و لە لایەن تیمەکانمانەوە هەڵگیراونەتەوە.

سەرۆکی بەرنامەی هەڵگرتنەوەی مینی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی کردەوە لەوەی "تیمەکانمان، ڕۆژانە لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە ڕووبەڕووی مەترسییەکانی ماددە تەقەمەنییەکان دەبنەوە، هەروا هاووڵاتییانیش بەهەمان شێوە بەردەوام لەژێر ئەم مەترسییەدان.

ڤان دەر واڵت، گوتیشی: منداڵان، بەهۆی مەراق و خواستی دەستلێدان لە تەقەمەنییە نەتەقیوەکان، لە هەمووان زیاتر زیانیان پێ دەگات و زۆر جار، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمب و میندا، بریندار دەبن، یان گیانیان لەدەست دەدەن.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: پاشماوەی ئەو تەقەمەنیانەی ماونەتەوە، زۆر هەستیارن و دەکرێت لە هەر ساتێکدا بیتەقنەوە، ئەمەش جگە لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ماددەی ژەهراوی، لەوانەیە ببێتە هۆی گیانلەدەستدان یان برینداربوونی سەخت.

فەرمانگەی هەڵگرتنەوەی مینی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشتر مەزەندەی ئەوەی کردبوو لە نێوان پێنج بۆ 10 لە سەدی ئەو تەقەمەنییانەی لە کاتی شەڕدا لە کەرتی غەززە بەکار هێنراون، نەتەقیونەتەوە؛

لە لایەکی ترەوە، ڕێوشوێنە ئەمنییە سەختەکانی ئیسرائیل، ڕێگرن لە پشکنینی گشتگیری ناوچە زیانلێکەوتووەکان و سێ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی تایبەت بە پووچەڵکردنەوەی ماددە تەقەمەنییەکان، چەندین مانگە چاوەڕێی وەرگرتنی مۆڵەتی سوپای ئیسرائیلن بۆ چوونە کەرتی غەززە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل