یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەجەب دیاریی کرا

پەیمانگەی نەتەوەیی بۆ توێژینەوەی گەردوونناسی و جیۆفیزیکی لە میسر، وادەی هاتنی مانگی ڕەجەب و کاتی پێشبینیکراوی بۆ مانگی ڕەمەزانی 2026 ئاشکرا کرد.

د. تەها ڕابح، سەرۆکی پەیمانگەکە ڕایگەیاند، بە پێی هەژمارە گەردوونناسییەکان، ڕۆژی یەکشەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەبێتە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەجەب.

ناوبراو ڕوونی کردەوە، مانگی نوێی ڕەجەب سەر لە بەیانی ڕۆژی شەممە 20ـی کانوونی یەکەم لە دایک دەبێت و ئێوارەی هەمان ڕۆژ دوای ئاوابوونی خۆر، هیلالی مانگ لە ئاسمانی مەککە بۆ ماوەی 14 خولەک و لە قاهیرە بۆ ماوەی 10 خولەک دەمێنێتەوە، بەمەش دەتوانرێت ببینرێت.

سەبارەت بە مانگی ڕەمەزانی ساڵی 2026، بە گوێرەی ئەو هەژمارە گەردوونناسییانە، پێشبینی دەکرێت ڕۆژی 19ـی شوباتی 2026 یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بێت. بەڵام وەک نەریتی هەمیشەیی، دیاریکردنی کۆتایی پشت بە بینینی مانگ لە شەوی 29ـی شەعبان دەبەستێت.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ماوەی بەڕۆژووبوون لە وڵاتانی ئیسلامیدا جیاواز دەبێت؛ لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی (وەک سعوودیە، میسر، ئیمارات و عێراق) لە سەرەتای مانگەکەدا ماوەی ڕۆژووگرتن نزیکەی 12 کاتژمێر دەبێت و تا کۆتایی مانگەکە وردە وردە زیاد دەکات و دەگاتە نزیکەی 13 کاتژمێر.

مانگی ڕەجەب حەوتەمین مانگی کۆچییە و بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە پێش مانگەکانی شەعبان و ڕەمەزان، گرنگییەکی ئایینیی تایبەتی هەیە و موسڵمانان وەک ئامادەکارییەک بۆ مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لێی دەڕوانن.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل