ئیدارەی ترەمپ ژەنەراڵێکی ئەمەریکی بۆ فەرماندەییکردنی هێزە نێودەوڵەتییەکانی غەززە دیاری دەکات

ماڵپەڕێکی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پلانی هەیە ژەنەراڵێکی وڵاتەکەی بۆ فەرماندەییکردنی هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی لە کەرتی غەززە دەستنیشان بکات.

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکی و دوو بەرپرسی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردووەتەوە، مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا، بنیامین ناتانیاهۆ و بەرپرسانی دیکەی ئاگادار کردووەتەوە کە ئیدارەی ترەمپ سەرکردایەتیی هێزە نێودەوڵەتییەکە دەکات و ژەنەراڵێکی ئەمەریکی دەکرێتە فەرماندەی هێزەکە.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە 17ـی تشرینی دووەمی ڕابردوودا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە دەسەڵات دەدات بە دروستکردنی "دەستەی ئاشتی" و هێزێکی کاتی بۆ سەقامگیری لە غەززە. ئەرکی ئەم دەستەیە سەرپەرشتیکردنی ئیدارەی کاتی و هەماهەنگیکردنە بۆ پارەدارکردنی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە، ئەوەش بەپێی پلانە 20 خاڵییەکەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا ناوی ئەو سەرکردە جیهانییانە ئاشکرا بکرێت کە لە "دەستەی ئاشتیی غەززە"دا بەشدار دەبن.

ڕۆژی 29ـی ئەیلوولی 2025 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پلانی ئاگربەستی لە غەززە پەسندکرد، کە 21 خاڵی لە خۆ دەگرت، لەنێویدا هاتبوو، ئەنجوومەنی ئاشتی بۆ بەڕێوەبردنی کاتی کەرتی غەززە پێک دەهێنرێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکە دەکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل