هەرێمی کوردستان و بەریتانیا هەماهەنگییەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی چڕ دەکەنەوە
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە دوایین هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرد، هەروەها جەختیان لەسەر هەماهەنگیی نێوانیان لە پێناو بەرەگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی و تاوانە ڕێکخراوەکان کردەوە.
پێنجشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بەڕێز هامش فاڵکنەر، پەرلەمانتار و وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا پێ گەیشت.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا بابەتە گرنگ و هەستیارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆیان لەبارەوە کرا بەتایبەت هەڵوەستە لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی نوێی فیدڕاڵ کرا.
هاوکات هەردوولایان باسیان لە دوایین هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرد.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا پەیوەندی دوو قۆڵی، هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو حکوومەتی کوردستان و حکومەتی بەریتانیا لە پێناوی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی و تاوانە ڕێکخراوەکان هەڵوەستەی لەسەر کرا.
