کەشناسیی هەرێم: سبەی پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و نمەباران دەبارێت
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: هەرێم بە گشتی لە ژێر نالەباریی لاوازیی نزمە پەستانی دەریای سپی ناوەڕاست دەمێنێتەوە، هەروەها سبەی شەپۆلێکی نمەباران سەرجەم ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە.
پێنجشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت: هەرێم دەکەوێتە ژێر کاریگەریی نالەباریی لاوازیی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سپی ناوەڕاست.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، پێشبینی دەکرێت سبەی شەپۆلێکی نمەبارانی کەم و پچڕپچڕ سەرەتا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێمەوە دەست پێ بکات و پاشان سەرجەم ناوچەکانی دیکە بگرێتەوە. هاوکات لە کاتەکانی شەودا، پێشبینیی بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵات دەکرێت و پلەی گەرماش 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە.
پێشبینیی بڕی بارانبارین بە پێی ناوچەکان
پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران: لەم ناوچانەدا ڕۆژی هەینی بڕی باران لەنێوان (2 بۆ 4) ملم دەبێت، بەڵام بۆ ڕۆژی شەممە نمەباران بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بڕەکەی دەگاتە (4 بۆ 6) ملم.
پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ: ڕۆژی هەینی بڕی بارانبارین زیاتر دەبێت و لە سەنتەری شارەکان (5 بۆ 7) ملم دەبارێت، بەڵام ڕۆژی شەممە کاریگەرییەکەی کەم دەبێتەوە بۆ (1 بۆ 2) ملم.
پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان: لەم سنوورانەدا ڕۆژی هەینی بارانبارین کەم دەبێت (لە هەندێک ناوچە سفر یان کەمتر لە 1 ملم دەبێت)، بەڵام ڕۆژی شەممە شەپۆلەکە چالاک دەبێت؛ بە جۆرێک لە سلێمانی و ڕاپەڕین (7 بۆ 9) ملم و لە هەڵەبجە (8 بۆ 10) ملم باران دەبارێت.
پارێزگای کەرکووک: ڕۆژی هەینی نمەبارانێکی کەم (1 بۆ 2) ملم دەبێت، بەڵام ڕۆژی شەممە بڕەکەی زیاد دەکات بۆ (7 بۆ 9) ملم.
کۆتاییهاتنی شەپۆلەکە
بەشی پێشبینیی کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ڕۆژی یەکشەممەوە کۆتایی بەم شەپۆلە دێت، ئاسمانی هەرێم بۆ پەڵەهەور و نیمچەهەور دەگۆڕێت و پلەکانی گەرما بە بەراورد بە ڕۆژی شەممە، 2 پلە بەرز دەبنەوە.
