ئەو قوتابخانانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەتووە لەلایەن کوردستان فاوەندەیشن نۆژەن دەکرێنەوە

ڕێکخراوی کوردستان فاوەندەیشن لەگەڵ تیمە خۆبەخشەکانی لە سەرجەم شوێنانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە هاوکاری دەگەیەنێنە هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ هەینی، 12ـی کانوونی یەکەمی 2025، نەجاح فەقۆ، رێكخەری تیمە خۆبەخشەكانی كوردستان فاوەندەیشن، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: یەکێک لەو قوتابخانانەی زیانی زۆری پێگەیشتووە، لەلایەن کوردستان فاوەندەیشن نۆژەندەکرێتەوە، لە قۆناغی یەکەم هەموو ئەو کەلوپەلانەی زیانیان بەرکەتووە دەرهێندراون، دواتر پرۆسەی شوشتن و خاوێنکردنەوە دەستیپێکرد.

ڕێکخەری کوردستان فاوەندەیشن ئاماژەی بەوە دا، لە شارەدێی تەکیەی چەمچەماڵ، بڕی 35 هەزار لیتر نەوتی سپی بۆ 420 خێزانی زیانلێکەوتوو دابەشدەکرێت، لیستی ناوی ئەو خێزانانە لەلایە قایمقامییەتی چەمچەماڵەوە ئامادە دەکرێت.

هەروەها باسی لەوە کرد، ژمارەیەکی زۆری خۆبەخش لەگەڵمان بۆ نۆژەنکردنەوە و خاوێنکردنەوەی قوتابخانەکان، کارەکان زۆر بەخێرای دەکرێن، چونکە مەبەستمانە قوتابییان بە زووی بگەڕێندرێنەوە نێو ناوەندەکانی خوێندن.

جەختی لەوە کردەوە، تەواوی پێداویستی و کەلوپەلەکانی قوتابخانە لەلایەن کوردستان فاوەندەیشنەوە دابیندەکرێت.

ڕۆژی سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەهۆی بارانی بە خووڕ لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بووە هۆی دروستبوونی لافاو و زیانێکی زۆری بەر ماڵی هاووڵاتییان گەیاند، هەروەها لە گەرمیان و چەمچەماڵ بووە هۆی لە دەستدانی چەند کەسێک.

هەر لەدوای زیانەکان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەواوی لایەنەکانی پەیوەندیداری ڕاسپارد بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتییان و زیانلێکەوتووان، هاوکات لە دوای پەیامەکەی سەرۆک وەزیران حکوومەتی هەرێمی هاوکاری گەیاندە سنوورەکە.

 

 

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل