ترەمپ لەمساڵدا دوو ملیۆن 400 هەزار وشە قسەی کردووە

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات، ژمارەیەکی ئێجگار زۆری وشەی لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا بەکارهێناوە کە دەگاتە زیاتر لە دوو ملیۆن وشە.

نووسینگەی بەڕێوەبردنی ئامار و بەڵگەنامەکانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند؛ لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە وەک سەرۆک گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، نزیکەی دوو ملیۆن و 400 هەزار وشە قسەی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان کردووە.

میدیاکانی ئەمەریکا سەرنجیان خستووەتە سەر ئەم ئامارە و بەراوردیان کردووە بە ئەدەبیاتی جیهانی. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ژمارەی ئەو وشانەی ترەمپ لەم ماوەیەدا دەری بڕیون، تێپەڕی کردووە بەسەر کۆی وشەکانی ڕۆمانی بەناوبانگی "شەڕ و ئاشتی"ی لیۆ تۆڵستۆی، کە بە یەکێک لە درێژترین ڕۆمانەکانی جیهان دادەنرێت و لە زیاتر لە هەزار و 500 لاپەڕە پێکهاتووە.

وردەکاریی ئامارەکان دەریدەخەن کە چڕیی دەرکەوتنەکانی ترەمپ هۆکاری ئەم ژمارە گەورەیە بووە، بە شێوەیەک تەنیا لەمساڵدا بەشداریی لە 156 کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی نافەرمی و 13 دانیشتنی تایبەت لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان کردووە، هەروەها 41 دیدار و لێدوانیشی لەناو فڕۆکەی تایبەتیی سەرۆکایەتیدا هەبووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل