پوتن: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران بە شێوەیەکی ئەرێنی گەشە دەکەن
سەرۆکی ڕووسیا دووپاتی کردەوە، پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران بە شێوەیەکی زۆر ئەرێنی گەشە دەکەن. سەرۆکی ئێرانیش گوتی: پابەندین بە جێبەجێکردنی سەرجەم بەندەکانی پەیماننامەی هاوبەشیی ستراتیژیی گشتگیر لەگەڵ مۆسکۆ.
هەینی، 12ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئاژانسی هەواڵیی سپۆتنێک، بڵاوی کردەوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، لە پەراوێزی کۆڕبەندی "ئاشتی متمانە؛ ئامانج لە پێناو ئاییندەیەکی بەردەوام"، لە عیشق ئابادی پایتەختی تورکمانستان، دیدارێکیان ئەنجام دا.
لە دیدارەکەدا پوتن ڕایگەیاند: ڕووسیا و ئێران گفتوگۆ لەسەر هاوکاری لە هەردوو کەرتی گاز و کارەبادا دەکەن، کە ئەمەش ئاسۆی نوێ دەکاتەوە بۆ هاوکاری لەم کەرتە گرنگ و هەستیارەدا.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ڕووسیا و ئێران لە چەندین بواری جیاوازدا هاوکاریی یەکتر دەکەن، لەوانە پرۆژەی وێستگەی وزەی ئەتۆمیی بوشەهر، هەروەها پەرەپێدانی ژێرخان، بە گرنگیدانی تایبەت بە ڕێڕەوی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی باکوور-باشوور.
سەرۆکی ڕووسیا سەرەنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، مۆسکۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەسەر هێڵێکی پەیوەندیی توندوتۆڵدایە لەگەڵ تاران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
لای خۆیەوە سەرۆکی ئێران گوتی: ئێمە سوورین لەسەر جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو ڕێککەوتننانەی کە لە چوارچێوەی پەیماننامەی هاوبەشیی ستراتیژیی گشتگیردا واژۆ کراون.
پەیماننامەی هاوبەشیی ستراتیژیی گشتگیر، لە نێوان ڕووسیا و ئێران لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ چووە واری جێبەجێکردنەوە، ئەم پەیماننامەیە بۆ ماوەی 20 ساڵ بەردەوام دەبێت و چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی فراوانتر بۆ هاوکاریی دووقۆڵی نێوان هەر دوو وڵات دادەڕێژێت.
