ئیسماعیل عەبدولعەزیز: بە فەرمانی سەرۆک بارزانی لە هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە بەردەوام دەبین
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ کوردستان24، ڕایگەیاند، ئەو شەوەی کە ڕووداوەکە ڕووی دا، کاتژمێر "یەک"ـی شەو، جەنابی سەرۆک بارزانی کۆبوونەوەی پێکردین و ڕایسپاردین بە باشترین شێوە و بە زووترین کات هاوکاری و کۆمەک بگەیەنین بە زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ و دەروبەری.
هەینی 12ـی کانوونی دووەمی 2025، ئیسماعیل عەبدولعەزیز، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ کوردستان24، گوتی،"هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سێ قۆناغ پێشکەشی زیانلێکەوتووانی سنووری قەزای چەمچەماڵ و دەوربەری دەکرێت، لە قۆناغی یەکەم، هەڵساوین بە خاوێنکردنەوەی ئەو شوێن و ماڵانەی کە بە هۆی لافاوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە".
ئاماژەی بەوەش کرد، "قۆناغی دووەمی هاوکارییەکان، پێدانی خواردن و خواردنەوەی گەرم بۆ ئەو هاووڵاتیانەی ماڵەکانیان بە هۆی لافاوەوە شێواوە و زیانی پێگەیشتووە، چونکە بە هۆی قوڕ و لیتەوە لەو ماڵانەدا ناتوانرێت خواردن و خواردنەوە ئامادە بکرێت."
لە بارەی قۆناغی سێییەمی هاوکارییەکانەوە ئیسماعیل عەبدولعەزیز، گوتیشی: دوای ئەوەی ماڵەکان خاوێن کرانەوە و دڵنیابووین لە سەلامەتی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە، دەست دەکرێت بە دابینکردن و پێدانی ئەو کەلوپەلانەی کە ماڵ پێوستی پێیەتی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسایی ئەو هاووڵاتییانەی زیانیان پێگەیشتووە بتوانن لەو ماڵانەدا جارێکی دیکە ژیان بکەن.
لە بارەی کارەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی، یسماعیل عەبدولعەزیز ئاماژەی بەوەدا، خەڵکی ئەو ناوچەیە ساتیشی جەنابی سەرۆک بارزانی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەن و دەڵێن"ئێمە خۆمان داوامان کردووە ئێوە بێن و یارمەتیمان بدەن، چونکە ئێمە بڕوا و هیوامان بە ئێوە هەیە لەم بارودۆخە ناخۆش و سەختەدا هاوکارمان بن و ڕزگارمان بکەن"، بۆیە ئێمەش دڵنیایی دەدەین بە خەڵکی ناوچەکە بە هەموو شێوەیک لەگەڵیان دەبین و بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنیان چونکە ئەمە فەرمانی سەرۆک بارزانییە.
ئیسماعیل عەبدولعەزیز، ستایشی ڕۆڵی "کوردستان24،ـی کرد و گوتی: ئەو کەناڵە لە سەرەتای ڕووداوەکەوە سات بە سات لەگەڵ ئێمە و خەڵکی لێقەوماوی سنووری چەمچەماڵ و دەوروبەری بووە، لە گەیاندنی پەیامی خەڵکەکە و نیشاندانی ڕاستییەکانی ڕووداوەکە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، بۆیە سوپاسی بێ پایانمان ئاڕاستەی کوردستان24 دەکەین.
ڕۆژی سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەهۆی بارانی بە خووڕ لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بووە هۆی دروستبوونی لافاو و زیانێکی زۆری بەر ماڵی هاووڵاتییان گەیاند، هەروەها لە گەرمیان و چەمچەماڵ بووە هۆی گیان لەدەستدانی چەند هاووڵاتییەک.
