زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ: سوپاسی سەرۆک بارزانی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەین
بەهۆی ئەو شەپۆلە باران و لافاوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕووی لە شارۆچکەی چەمچەماڵ کرد، زیانێکی زۆری ماددی بەر ژمارەیەک لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی ئەو شارە کەوتووە. زیانلێکەوتووان گلەیی توند لە بەرپرسانی ئیداری شارەکە دەکەن کە بەسەریان نەکردوونەتەوە و ڕایدەگەیەنن تەنیا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هانامانەوە هات و سوپاسی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی دەکەن.
خاتوو ئاواز، دایکە شەهیدێک و دانیشتووی گەڕەکی ئاشتی لە چەمچەماڵ، یەکێکە لەو هاووڵاتییانەی ماڵەکەی پڕ بووە لە ئاو و قوڕ و لیتاو. ئەو لە ڕێگەی کوردستان24ەوە سوپاسگوزاریی خۆی ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکات و دەڵێت: داوای هاوکاری لە سەرۆک بارزانی دەکەم، زۆر سوپاسی دەکەم کە بە هانای خەڵکی چەمچەماڵەوە هاتن. تەنیا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوو هاتنە دەنگ و ئەم ماڵە و کەلوپەلەکانیان بۆ پاککردینەوە.
ئەو خانمە ئاماژەی بەوەش دا جگە لە زیانی لافاوەکە، کێشەی بێ ئاویشیان هەیە و ماوەی 11 ڕۆژە ئاو نەهاتووەتە گەڕەکەکەیان، بەڵام دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە تانکەر ئاویان بۆ دابین کردوون و هاوکارییان کردوون. گوتیشی: تەنیا کوردستان24 وەک کەناڵ و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەرگایان لێ کردینەوە، هیچ بەرپرسێک نەهاتووەتە لامان، خودای گەورە تەمەنی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان درێژ بکات کە فریای ئەم شارە کەوتن.
لە لایەکی دیکەوە لە گەڕەکی ڕاپەڕینی دوو، خێزانێکی دیکەی پێشمەرگە تووشی زیانێکی گەورە بوونەتەوە. نەوشیروان و ڕێباز، دوو بران کە ماڵی براکەیان بەتەواوی نوقمی ئاو بووە.
نەوشیروان کە خۆی پێشمەرگەیە، باسی لەوە کرد لە شەوی لافاوەکەدا ئاو نزیکەی مەتر و نیوێک بۆ دوو مەتر لەناو ماڵەکەیاندا بەرز بووەتەوە و ناچاربوون لەگەڵ ماڵ و منداڵەکانیان بچنە سەر سەربان. دەشڵێت: هەموو کەلوپەلی ناو ماڵەکەمان لەناوچووە، سەلاجە و سپلیت و کەلوپەلەکان سووتاون، تەنانەت ئۆتۆمبێلەکەشمان کە لە جۆری یارسە، ئاو داپۆشیوە و بەکەڵک نەماوە.
ئەو هاووڵاتییانە ڕەخنەیان لە بەرپرسانی حکوومی و ئیداریی سنووری چەمچەماڵ گرت کە لە دوای ڕووداوەکە کەسیان نەچووە بە دەمیانەوە. نەوشیروان گوتی: چەمچەماڵ قەزایەکی گەورەیە و شۆڤڵێکی نییە بە فریای خەڵک بکەوێت! بە درێژایی پەنجا ئۆتۆمبێلی بەرپرسان یەک شۆڤڵییان لەگەڵ نەبوو، تا ئێستا هیچ بەرپرسێک نەهاتووەتە لامان.
زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ جەخت لەوە دەکەنەوە کە کوردستان24 یەکەم کەناڵ بووە سەردانی کردوون و دەزگای خێرخوازیی بارزانیش تاکە لایەن بووە کە بە کردار هاوکاری کردوون و گەڕەک و کۆڵانەکانیان بۆ پاککردوونەتەوە.
