یوری ئوشاکۆڤ: ناوچەی دۆنباس موڵکی ڕووسیایە

یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ڕووسیا، ڕایگەیاند، تەواوی ناوچەی دۆنباس (ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا) ڕووسییە، ئەم بابەتە لە دەستووری وڵاتەکەماندا چەسپاوە و بڕاوەتەوە کە دۆنباس ڕووسییە. 

هەینی 12ـی کانوونی دووەمی 2025، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە پێشنیاری ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بۆ گشتپرسی لەسەر پرسە ناوچەییەکان، ئوشاکۆڤ گوتی:"دۆنباس ڕووسییە".

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمە لە دەستووری ڕووسیادا چەسپاوە و جەختی لەوە کردەوە کە "تەواوی ناوچەی دۆنباس ڕووسییە و نە لە ئێستا و لە داهاتووش دەستبەرداری نابن".

ئوشاکۆڤ، باسی لەوەکردووە، ئەوان دەزانن ئامانجی زێلێنسکی لە دانوستانەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا، هێنانە ناوەوەی چەند پێشنیازێکی ئەورووپایە بۆ ناو پێشنیازەکەی ئەمەریکا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئەمەش لە لایەن ڕووسیاوە قبووڵکراو نییە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو پێشنیازانەی یەکێتی ئەورووپا لە بەرنامەی ئاشتی و پلانی کارەکانی ئێمە و ئەمەریکادا بوونی نییە. 

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریکا لەگەڵ ئۆکرانییەکان و نوێنەری باڵای چەند وڵاتێکی ئەورووپی کار لەسەر ئەو بەڵگەنامانە دەکەن کە پەیوەستن بە ئاشتی ئۆکرانیا، بەڵام گەرەنتی نییە دوای ئەو کارکردنە و دەستکاری کردنی بەشێک لە خاڵەکان ڕووسیا قبووڵی بکات، چونکە بۆ ئێمە بەرژەوەندی وڵاتەکەمان لە پێشەوەی هەموو بژاردەکانە.

ئوشاکۆڤ گوتویەتی: "تاوەکو ئێستا ئەم بەڵگەنامانەمان نەبینیوە، کە لە ئێستادا خەریکە دادەڕێژرێن، بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکانی ئەورووپا و ئۆکرانیا، بەڵام پێناچێت ئەو تێبینیانە ئەرێنی بن.

لە 21ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ پلانێکی 28 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا ڕاگەیاند، لە یەکێک لە خاڵەکاندا هاتووە دەبێت ئۆکرانیا لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لۆهانسک بەتەواوی بکشێتەوە و وەکو خاکی ڕووسیا بیانناسێنێت، ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی ناکۆکی لەنێوان ئەمەریکا لەگەڵ ئۆکرانیا و وڵاتانی ئەورووپا دروستکردووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، سەرۆکی ئۆکرانیا لەبارەی داننان بە هەردوو ناوچەکە وەکو خاکی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ئامادەنین دەستبەرداری بستێک خاکی ئۆکرانیا بن.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل