لە دەرعا تەقینەوەیەک لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا ڕوویدا و 33 کەس بریندار بوون
ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە، ئێوارەی هەینی لە شارۆچکەی عەبدین لە ڕۆژئاوای پارێزگای دەرعا، تەقینەوەیەک لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا ڕوویدا و بەهۆیەوە 33 کەس بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سانا، زیاد مەحامید، بەڕێوەبەری تەندروستیی دەرعا ڕایگەیاندووە: "منداڵانیش لەنێو بریندارەکاندان؛ 19 لە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی نیشتمانیی دەرعا، شەشیان بۆ نەخۆشخانەی نیشتمانیی تەفاس و هەشتی دیکەشیان بۆ بنکەی تەندروستیی شارۆچکەی شەجەرە".
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دەرعا جەختی کردەوە؛ چاودێریی هەموو حاڵەتەکان دەکەن و کار بۆ دابینکردنی چاودێریی پزیشکیی پێویست بۆ برینداران دەکەن، هاوکات دڵنیاییدا لە دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان بۆ فریاگوزاریی خێرا.
لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا لێکۆڵینەوەیان لەبارەی تەقینەوەکەی عەبدین دەست پێکردووە بۆ دیاریکردنی هۆکار و سروشتی تەقینەوەکە. ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی ڕووداوەکە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی، بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتییان.
