تا ئێستا لە کوردستان نزیکەی 600 کیلۆمەتر زەوی لە مین پاککراوەتەوە

لە کۆی 779 کیلۆمەتر چوارگۆشەی زەویی مینڕێژکراو لە هەرێمی کوردستان، تا ئێستا 576 کیلۆمەتر چوارگۆشە پاک کراونەتەوە. سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی "ئۆتاوا"ی نێودەوڵەتی، پێویست بوو لە ساڵی 2018 تەواوی عێراق لە مین و تەقەمەنی پاک بکرایەتەوە، بەڵام هاوکارینەکردنی حکوومەتی عێراق لەم دۆسیەیەدا بووەتە هۆی دواکەوتنی ئەم پڕۆسەیە بۆ 10 ساڵی دیکە.

ئەدیب ئەکرەم، هاووڵاتی، بە کوردستان 24ـیڕاگەیاند: هاووڵاتییان لێرە دێن و دەچن و خۆشمان لە زەوییەکانمان کار دەکەین، دەیکێڵین و گەنم دادەچێنین، لەدوای ئەوەی پاککراوەتەوە ئێمە هیچ گرفتێکمان نەماوە. لێرە زۆرێک لە شوانکارن بوونەتە قوربانی بە هۆی مین و تەقەمەنییەوە.

لە کۆی 779 کیلۆمەتر چوارگۆشەی زەویی مینڕێژکراو لە هەرێمی کوردستان، تا ئێستا 576 کیلۆمەتر چوارگۆشە پاک کراونەتەوە، هاوکات 13 هەزار و 600 کەسیش بوونەتە قوربانیی مین و تەقەمەنی.

عەبدولعەزیز محەممەد ساڵح، بەرپرسی بەشی چالاکییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مین لە پارێزگای دهۆک دەڵیت: دوژمنێکی نادیارە لەبەر چاودا نییە تاکو بزانیت لە کوێدایە یەخود لە کوێدا نییە، لە ژێر زەویدا شاردراوەتەوە هەرکاتێک دەردەکەوێت پێویستە زۆر بە وردی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، ئێمە سەرپەرشتی تیمەکان دەکەین و بەردەوام هۆشیاری بڵاو دەکەینەوە و بۆ ئەوەی بەسەلامەتی ئەو مینە لەناو ببرێت.

جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: دەبوو ساڵی 2018 تەواوی عێراق پاککرابێتەوە لە مین و پاشماوەی مین، بەڵام نەتوانرا پابەندبن بەوەوە و ماوەی 10 ساڵیان بۆ درێژکردینەوە بۆ ساڵی 2028، ئێستا بەرنامەمان هەیە لە عێراق بۆ ئەوەی یاداشتی درێژکردنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بدەین بە سەرۆکایەتی ڕێککەوتنی ئۆتاوا.

ئەم مین و تەقەمەنییانە هی ساڵانی 1980کانە، کە لەلایەن حکوومەتی بەعسی عێراقەوە چێنراون بۆ لەناوبردن و ڕێگریکردن لە هاووڵاتییانی کورد.

شەڕی دژی مین، لە شەڕی دژی دوژمنی وڵاتێک کەمتر نییە، چونکە لە هەرێمی کوردستان بە هەزاران هاووڵاتی بوونەتە قوربانیی مین و تەقەمەنی و هێشتا بە هەزاران زەویی هاووڵاتییان و جووتیاران مینیان تێدا ماوە و لە خێر و بێری زەوییەکانیان بێبەش بوون.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل