لە سەرەتای 2026 هێزی نێودەوڵەتی لە غەززە بڵاودەکرێتەوە
بریارە لە مانگی داهاتوو هێزە نێودەوڵەتییەکان لە کەرتی غەززە جێگیر بکرێن، ئەمەش بەفەرمانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەڵام تاوەکو ئێستا میکانیزمی چەکداماڵینی حەماس ڕوون نییە.
ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لەسەر زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، کە دەڵێن، هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی، لە غەززە بڵاودەکرێنەوە، بەڵام ئەرکی شەڕی حەماسیان پێ ناسپێردرێت، ئاماژەیان بەوەشکرد، ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان ئارەزووی خۆیان بۆ بەشداریکردن لەو هێزە دەربڕیوە.
ئەو دوو بەرپرسە ئاشکرایان کردووە، لە ئێستا واشنتن کار لەسەر دیاریکردنی قەبارە و پێکهاتە و شوێن و مەشق و ڕاهێنانی هێزەکە دەکات، هەروەها دانانی یاساکانی بەشداریکردنی هێزەکەش دیاری دەکات.
دەشڵێن، ئەمەریکا بیر لە دانانی بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکی دەکاتەوە بۆ سەرکردایەتیکردنی هێزەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.
'ISF' هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی، هێزێکی پێشنیارکراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ غەززە، هێزێکی ئاشتیپارێزی فرەنەتەوەییە کە لەژێر پلانی ئاشتیدا بۆ غەززە پێشنیار کراوە، مەبەست لێی ڕاهێنانی پۆلیسی فەڵەستین و دەستەبەرکردنی چەکداماڵین و ئاوەدانکردنەوەیە.
ڕۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شەرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتی غەززە بەڕێوەچوو، دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە لووتکەکەدا لە کاتی واژۆکردنی ئاگربەستەکەدا گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزنە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای زیاتر لە سێ هەزار ساڵ، شەڕی غەززە کۆتایی هات؛ ئاماژەشی دا، ئاگربەستی غەززە زۆر گشتگیرە و باس لە هەموو یاسایەک دەکات.
دوای لووتکەی شەرم شێخ، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.
